چالاکێکی سیاسی کورد حوکمی ١٢٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاودەستی لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران

٢٩ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٢٢:١٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاودەستی لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران حوکمی ١٢٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای تاوانەکانی شاری سنە، حوکمی ١٢٠ ساڵ بەندکرانی بە سەر ”حەیدەر قوربانی“ هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران سەپاندووە.

ئەو حوکمە بە شێوەی فەرمی لە بەندیخانەی سنە بە حەیدەر قوربانی ڕاگەیەندراوە. حوکمەکە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاودەستی لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک بنەماڵەی قوربانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بڕیارە حەیدەر بەم زوانە لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەش کەیسەکەی باسی لە سەر بکرێت.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧١٦ (٣ ساڵ پێش) لە گەڵ ژن براکەی بە ناوی ”مەحموود سادقی“ کە هەردوویان خەڵکی گوندی ”بزوەش“ سەر بە کامیارانن دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی ئێران دوو ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بلاو کردەوە.

بە وتەی نزیکانی ناوبراو، حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت.

لەو فیلمە ٢٠ خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکوومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دەنێت.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە