چالاکێکی سیاسی کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بانگ کرا

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد کە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە تاران دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی دانیشتنی دادگا لە سەر ئەو تۆمەتانە

٢ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢٣:٥٣


هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد کە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە تاران دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی دانیشتنی دادگا لە سەر ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵی، بانگی دادگای شۆڕش کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لوقمان مەحموودی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کوردی دانیشتووی تاران، ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ سەردانی لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بکات.


لوقمان مەحموودی خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی تارانە کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٣١ی دێسامبری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری تاران دەستبەسەر کرا.


ئەو چالاکە وکردە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین ڕاگیرابوو و دواتر گوازرابوویەوە بەندی گشتی ئەو بەندیخانەیە و پاش دە ڕۆژ بە دانانی بارمتە و هەتا کاتی دانیشتنی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


بە پێی ئەو بەڵگەیەی کە بۆ لوقمان مەحموودی نێردراوە، ناوبراو تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆنگرەی نەتەوەیی ئێرانییەکانی خراوەتە پاڵ. یەکێک کە نزیکانی لوقمان مەحموودی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە دادگا هیچ بەڵگەیەکی لەوبارەوە نیە و ئەمە تەنیا ئەو تۆمەتەیە کە وەزارەتی ئیتلاعات خستوویەتە پاڵ ناوبراو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە