چالاکێکی کرێکاری کورد دوای حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا، دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری کورد لە تاران دوای ئەوەی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپ

٢٢ سەرماوەز ٢٧١٨، ١١:٢٥

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری کورد لە تاران دوای ئەوەی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە تاران، درەنگانی شەوی چوارشەممە (٢١ی سەرماوەز / ١٢ی دێسامبر) هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەسعەد (بێهنام) ئیبراهیم زادە و دەستبەسەریان کردووە.

دەستبەسەر کرانی ئەم چالاکە کوردە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو چەند ڕؤژ پێش لەلایەن دادگای شۆڕشی داڵەهۆ سەر بە پارێزگای کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سادقی بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات“ حوکمی ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییەی خەڵکی شنۆ هاوین ئەمساڵ و لەکاتی گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لیدراوی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بێهنام ئیبراهیم زادە ئەندامی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕێکخراوە کرێکارییەکان و کۆمەلەی داکۆکی لە مافی منداڵانی کار و شەقامە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ٦ جار دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕەجایی شاری کەرەج و ئێڤینی تاران بەند کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە