چالاکێکی کورد سزای ٥ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکەی خەڵکی شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی

٨ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٠٩:٥٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکەی خەڵکی شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرزاد حوسێنی، خەڵکی گوندی دێوزناوی سەر بە شاری سەوڵاوا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدییەوە، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێراو و تێپەڕاندنی  ٥ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی بەسەردا سەپاوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەرچووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندراوە. دانیشتنی یەکەمی دادگای ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا و دانیشتنی دووهەمیش لە مانگی ڕەزبەردا بەڕێوە چووە.

فەرزاد حوسێنی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (١٧ی فێوریەی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعاتی کامێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاش سێ مانگ و پازدە ڕۆژ دەستبەسەری، لە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ٢٧١٩ (٣ی ژوئەنی ٢٠١٩) بە دانانی بارمتەی قورسی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی دادگایی کردنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە، فەرزاد حوسێنی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ (٣ی ئاگوست)، لە پاش بانگ کرانی بۆ دادگای شۆڕشی سنە، بە فەرمانی دادوەر سەعیدی دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژی دیکە لە دەستبەسەرگەکانی کامیاران و سنەدا ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە