چالاکێکی یارسانی حوکمی ٢٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی زستانی ڕابردووی شاری کرماشان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا لە بەند

٢٠ بەفرانبار ٢٧١٨، ١٩:٠٠

 

هەنگاو: یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی زستانی ڕابردووی شاری کرماشان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەنێو بەندیخانەی دێزڵئاوی کرماشانەوە بە هەنگاو گەیشتووە، هاووڵاتییەکی خەڵکی قەسری شیرین بە ناوی ”کیانووش قەهرەمانی“ کە یەکێک لە چالاکانی پێڕەوی ئایینی یارییە (کاکەیی)، ماوەی ساڵێکە کە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

کیانووش قەهرەمانی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی زستانی ڕابردووی کرماشان کە هاوکات لە دەیان شاری ئێرن بەڕێوە چوو دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدرەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە.

ئەو چالاکە یارسانییە، بەهاری ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی“ حوکمی ٢٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

کیانووش قەهرەمانی ئێستا لە بەندی ئەمنیەتی بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان ڕاگیراوە و سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیەتی.

هەواڵی دەستبەسەر کران و هەروەها سەپاندنی حوکمی قورسی ٢٦ ساڵ بەندکران بەسەر کیانووش قەهرەمانی هەتا ئێستا لە هیچ میدیایەک بڵاو نەکراوەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.

لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران کە ناسنامەی ٢٠٠ کەس لەوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە