چوار بەندکراوی بەندیخانەی ئورومیە بە هۆی کرۆناوە گیانیان لەدەستدا

هەنگاو: لەچەند رۆژی رابردوودا چوار بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە دوای گواستنەوەیان بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشكییەکانی ئەو شارە، گیانیان لە دەست‌ دا و بەم پێیە ر

٢٤ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٠:٣٧


هەنگاو: لەچەند رۆژی رابردوودا چوار بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە دوای گواستنەوەیان بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشكییەکانی ئەو شارە، گیانیان لە دەست‌ دا و بەم پێیە رێژەی ئەو بەندکراوانەی کە لەو بەندیخانەیە بە هۆی تووشبوون بە کرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، گەیشتە ۷ کەس.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی پێنج‌شەممە، ۲۱ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠، چوار بەندکراوی بەندی پاک (قەرەنتینە)ی بەندیخانەی ئورمیە کە بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندرووستییان ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانی ئەو شارە کرابوون، هەر لەو رۆژەدا گیانیان لەدەست داوە.

هەتا ئێستا ناوی یەکێک لەو بەندکراوانە بە ناوی "ئەنوەر قوربان‌زادە" خەڵکی شاری ئورومیە، بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. ناوبراو بە تۆمەتی " کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

سەرچاوەیەک لە بەندیخانەی ئورمیەوە لەم بارەوە بەهەنگاوی راگەیاند، ئەو بەندکراوانە لە بەندی ۳ و٤ی بەندیخانەکە بوون و لەگەڵ ۱۷ بەندکراوی دیکەی تووشبوو بە کرۆنا گوازرابوونەوە بۆ بەندی پاکی ئەو بەندیخانەیە. سەرچاوەکە وتیشی ژمارەی بەندکراوانی بەندی ۳و٤ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە ٥۰۰ کەسە.

سەرەڕای ئەوەیکە بە پێی یاسا بەندیخانەکان دەبێ لە هەمبەر پاراستنی گیان و تەندرووستیی بەندکراواندا بەرپرسیار بن، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئورومیە نابەرپرسیارانە و هێندێ کاتیش بە ئەنقەست دەبنە هۆی مەرگی ئەو بەندکراوانەی تووشی کرۆنا بوون. بە پێی ئەو بەڵگە و وتەی شایەتحاڵانە کە لەبەردەستی هەنگاوە، بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا لە بەندیخانەی ئورومیە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە بەردەوام نکۆڵی لێ ئەکەن.


شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا هەنگاو نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی و گیانی بەندکراوانی بەندیخانەی ئورومیە دەربڕیوە و ناوی ژمارەیەک لە بەندکراوانی تووشبووی بە کرۆناشی بڵاو کردۆتەوە.


بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چل رۆژی رابردوودا لانیکەم ٧ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە هۆی تووشبوون بە پرتای کرۆناوە گیانیان لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە