چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە مەرج ئازاد کران

هەنگاو: چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیرابوون، بە مەرج ئازاد کران.

١٧ خاکەلێوە ٢٧٢١، ١١:٤٤

 

هەنگاو: چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیرابوون، بە مەرج ئازاد کران.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی داوود ئەحمەدی، حەیدەر ساعیدی، شاهۆ ئۆسکوویی و هۆمایوون بەهمەنی بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراون.

شاریار ئۆسکوویی کە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕش سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان” سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و ئەو سزایە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٣٠ مانگ کەم کرایەوە ، ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٣ی دێسامبری ٢٠١٩) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ناساند. ناوبراو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە مافی چوونە مرەخەسی بێبەش کرابوو.

هەروەها، هۆمایوون بەهمەنی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە کە سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەرج ئازاد کراوە.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢١٨ (١ی دێسامبری ٢٠١٨) دەستبەسەر و دوای پێنج مانگ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هۆمایوون بەهمەنی دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لەڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەم سزایە لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا بۆ دوو ساڵ و ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٢٩ی دێسامبری ٢٠١٩) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ناساند.

حەیدەر ساعیدی و داوود ئەحمەدی ڕۆژی چوارشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧١٩ (٢٢ی مەی ٢٠١٩) لەلایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە