چوار هاووڵاتی لە شنۆ دەستبەسەر کران، لە شەش ڕۆژدا ١٦ کەس دەستبەسەر کراون

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٥:٣٥


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم چوار هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٥ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی ”ڕەحیم ڕەفعەت“ دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.


هەمان ڕۆژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵیان بە ناوی ”ئەسکەندەر محەمەدپوور“ دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیاریان گواستووەتەوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی ”ڕەحمان تابش“ و ”سەعید تابناک“ دوای ئەوەی بانگ کراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەستبەسەر کراون.


ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی ژوئیەوە هەتا ئەمڕۆ (٦ ڕۆژ) لانیکەم ١٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە