چوار کەس لە بەندیخانەی ئیسفەهان لەسێدارە دران

هەنگاو: سزای سێدارەی چوار کەس کە یەکێکیان هاووڵاتیی کوردە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢١:٣٦

 

هەنگاو: سزای سێدارەی چوار کەس کە یەکێکیان هاووڵاتیی کوردە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٨ی جولای ٢٠٢١)، سزای سێدارەی چوار بەندکراو کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادده هۆشبەرەکان ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری هەنگاو لە بەندیخانەی ئیسفەهان ناسنامەی ئەو چوار بەندکراوەی عەلی بەندەپەرویزی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی شیراز، جەواد کەریمیان خەڵکی کرماشان، نەسیر ئەحمەد بەلووچ خەڵکی زاهیدان و مێهرداد گوڵشەنی خەڵکی کرمان ڕاگەیاندووە.

ئەم چوار بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان کرابوون.

جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی بەندیخانە بە بیانووی ئەوەی کە لەسێدارەی نادەن ئیزنی دوایین چاوپێکەوتنیان بە عەلی بەندەپەرویزی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەداوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە بەندیخانەی ئیسفەهان ڕایانگەیاندووە کە، دوای ئەوەی موحسینی ئەژەیی وەکوو بەرپرسی دەزگای داودوەریی ئێران دەستبەکار بووە، لەماوەی دوو حەوتوودا لانیکەم ١٧ بەندکراو لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان بە تۆمەتەی بازرگانی کردن بە مادده هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە ناسنامەی تەواویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە