چەند ڕۆژە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بە سەر ئاسمانی قەندیل و هەڵگورد دەسووڕێنەوە

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بەردەوام بە سەر ئاسمانی کوێستانەکانی قەندیل و هەڵگورد لە هەرێ

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١١:٤٢


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بەردەوام بە سەر ئاسمانی کوێستانەکانی قەندیل و هەڵگورد لە هەرێمی کوردستان دەسووڕێنەوە و ئەگەری تۆپباران کردنی ئەو ناوچانە بەهێزە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بەردەوان لە پیرانشارەوە هەستاون و بە سەر ئاسمانی کوێستانەکانی قەندیل و هەڵگورد کە شوێنی جێگیر بوونی چەند حیزبی کوردستانی دژبەری حکوومەتی ئێرانە، دەسوڕێنەوە.


چەند سەرچاوەیەک لە پیرانشارەوە بە هەنگاویان ڕاگەیاند کە، بە پێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، ئەگەری ئەوە هەیە دوای تەواو بووونی ئەو گەشتە ئاسمانیانە کە بەمەبستی ناسینی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت، بەرزاییەکانی هەڵگورد، بەربەزین و قەندیل لەلایەن تۆپخانەکانی سپای پاسدارانەوە تۆپباران بکرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران وێڕای تۆپخانەکان ئەو ناوچانەیان بوردمان کردووە.


لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کوژرانی سێ ئەندامی سپای پاسداران لە دیواندەرە، بەرپرسانی سپای پاسداران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەیەکی سەختیان لە حیزبە کوردستانییەکان کردووە.


لەلایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو، گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆرس بەرپرسیارێتی هێرشی بۆ سەر گرووپێکی چەکداری جێگیر لە پایگای زێوە سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیەی بە ئەستۆ گرت.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو رایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونە چەکداریە سێ چەکداری ئێرانی کە یەکێکیان بە ناوی ”مەحەڕەمی“ بەرپرسی پایگای زێوە بووە، بە سەختی بریندار بوو.


لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سپای پاسداران بەردەوام بەرزاییەکانی هەلگوردی تۆپباران کردووە کە لە ئەنجامی ئەو بوردمانانە هاوڵاتیانی مەدەنیش بوونەتە قوربانی. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢ هاووڵاتیی مەدەنی لە ئاکامی ئەو بوردمانانە گیانیان لە دەست داوە و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.


کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە گشتی گرێدراوە بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی چاودێر بە سەر مافەکانی مرۆڤدۆستانە لە شەڕە چەکدارییەکان وەکوو جیاکردنەوەی حەشیمەت و مڵکی غیرە سەربازییەکان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران پایبەندی نەبووە و بەردەوام دانیشتوانی ناوچەکەی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە