چەنگیز قەدەم خەیر پێنج ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراویکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولەیمان لە باشووری ئێران ڕاگیراوە، بە نیشانەی ناڕە

٢٤ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٠:٣٤

 

هەنگاو: بەندکراویکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولەیمان لە باشووری ئێران ڕاگیراوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانە لە چارەسەریی پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەنگیز قەدەم خەیر، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران کە حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە، لە ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١١ی دێسامبری ٢٠١٩)، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولیەمان سەر بە پارێزگای خوزستان مانی لە خواردن گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، چەنگیز بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانەی لە چارەسەریی پزیشكی و ئەنجامی نەشتەرگەری گورچیلەی ناوبراو لە دەرەوەی بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر یەکێک لە گورچیلەکانی لە دەست داوە و گورچیلەی دیکەشی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە نە ئیزنی مرەخەسی پێ دەدەن و نە ئیزن دەدەن کە لە دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە تاوەکوو ئێستاش لەر گورچیلەیدا ماوەتەوە. هەتا ئێستا پێشگیری لە دەرمانی ناوبراو کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوەتی گورچیلەی لای ڕاستی لەکار بکەوێت و گورچیلەی دیکەشی مەترسی لەکار کەوتنی لەسەرە.

چەنگیز قەدەم خەیر تەمەنی ٣١ ساڵە و ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ٢٧١١ (٩ی ژوئەنی ٢٠١١) دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “بابایی” بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەو بەندکراوە سیاسیە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان دوور خراوەتەوە و لە ماوەی ٨ سالی ڕابردوودا لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەش بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە