چەنگیز قەدەم خەیر کۆتایی بە مانگرتنکەی هێنا

هەنگاو: بەندکراویکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولەیمان لە باشووری ئێران ڕاگیراوە، دوای بەڵێنی بە

٤ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٥:٣٨

 

هەنگاو: بەندکراویکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولەیمان لە باشووری ئێران ڕاگیراوە، دوای بەڵێنی بەرپۆرسانی بەندیخانە کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٤ی دێسامبری ٢٠١٩)، چەنگیز قەدەم خەیر، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران کە حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە، دوای بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لە سێزدەهمین ڕۆژی مانگرتنەکەی کۆتایی پێ هێناوە.

ئەو بەندکراوە کوردە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دێسامبر)، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولیەمان سەر بە پارێزگای خوزستان مانی لە خواردن گرتبوو و پاش چەند ڕۆژ گوازرابوویەوە بۆژووری تاکەکەسی ئەو بەندیخانەیە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ، چەنگیز لە ڕۆژی یەکشەممەوە براوەتە بێهداری بەندیخانە و بنەماڵەکەی توانیویانە کە لە نزیکەوە چاویان پێ بکەوێت. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە چەنگیز لە ماوەی مانگرتنەکەیدا ٥ کیلۆ لەکێشی لەشی لە دەست داوە.

بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی چەنگیزیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران ڕەزامەندی نیشان بدات ئەوا ئیزنی دەدەن کە بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکات.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر یەکێک لە گورچیلەکانی لە دەست داوە و گورچیلەی دیکەشی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە نە ئیزنی مرەخەسی پێ دەدەن و نە ئیزن دەدەن کە لە دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا گولـلەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە تاوەکوو ئێستاش لەر گورچیلەیدا ماوەتەوە. هەتا ئێستا پێشگیری لە دەرمانی ناوبراو کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوەتی گورچیلەی لای ڕاستی لەکار بکەوێت و گورچیلەی دیکەشی مەترسی لەکار کەوتنی لەسەرە.

چەنگیز قەدەم خەیر تەمەنی ٣١ ساڵە و ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ٢٧١١ (٩ی ژوئەنی ٢٠١١) دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “بابایی” بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەو بەندکراوە سیاسیە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان دوور خراوەتەوە و لە ماوەی ٨ سالی ڕابردوودا لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەش بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە