چەنگیز قەدەم خەیری بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە ماوەی ٤٠ ساڵ سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولەیمان تێپەڕ ئەکات، بە هۆ

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٢:٥٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە ماوەی ٤٠ ساڵ سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەسجد سولەیمان تێپەڕ ئەکات، بە هۆی ناجێگیری دۆخی جەستەیی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ ( ١٧ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠) چەنگیز قەدەم خەیری، بەندکراوی سیاسی و خەڵکی کامێران کە لە بەندیخانەی ناوەندیی مەسجد سولەیمانی پارێزگای خوزستانە، لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە پێوەندییەکدا بە هەنگاوی راگەیاند کە هاوبەندییەکانی چەنگیز پێوەندییان پێوە کردوون و وتوویانە کە بەپرسانی بەندیخانە بە بیانووی ناردنی ناوبراو بۆ ناوەندیی چارەسەری پزیشکیی ئەهواز،  بردوویانەتە دەرەوەی بەندیخانە. بەڵام بنەماڵەی چەنگیز لە ناردنی رۆڵەکەیان بۆ ناوەندی چارەسەری پزیشکی بێ ئاگان و ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانییان. 

گواستنەوەی کتوپڕی چەنگیز قەدەم خەیری بۆ چارەسەری پزیشکی لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە  ڕێگری لە بەڕێ نەکرانی بۆ ناوەندیی چارەسەری پزیشکی بۆ نەشتەرگەریی گورچیلەی، مانی لە خواردن گرتبوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر گورچیلەیەکی لە دەست داوە و ئەو گورچیلەی دیکەی پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە مۆڵەتیان نەداوە بۆ ئەو نەشتەرگەرییە مەرەخەسی وەربگرێ.

چەنگیز قەدەم خەیری تەمەنی ٣٣ ساڵە و ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ٢٧١١ (٩ی ژوئەنی ٢٠١١) دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “بابایی” بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەو بەندکراوە سیاسیە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی مەسجد سولەیمان دوور خراوەتەوە و لە ماوەی ٩ سالی ڕابردوودا لە هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە