ڕاشد مونتەزری لە بەندیخانە ئازاد کرا

هەنگاو: ڕاشد مونتەزری بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران دوای تێپەڕاندنی ١١ مانگ لە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

١٥ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢٠:٢٥

 

هەنگاو: ڕاشد مونتەزری بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران دوای تێپەڕاندنی ١١ مانگ لە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتیگەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، ڕاشد مونتەزری بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران دوای تێپەڕاندنی ١١ مانگ بەندکران و لێخۆش بوونی ماوەی سزای بەندکرانەکەی،لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕاشد مونتەزری ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٥ی ژانویەی ٢٠١٩) لەلایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر و دوای ٤ مانگ و نیو بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دانیشتنی دادگای ڕاشد مونتەزری و ٩ کەسی دیکە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (ژوئیەی ٢٠٢٠) لە لقی یەکەی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوە جوو،

ڕاشد مونتەزری دواجار بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە رێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای ٥ سال و ٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ١٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە سزای ١٨ مانگەکەی بە هۆی ئەوەی تانەی لە بڕیاری دادوەر نەدابوو بۆ ١٤ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی پێشووی دەستبەسەر کردن کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواجار ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١٤ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کامێران کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە