ڕامین حوسێن پەناهی بە دوورینی لێوی مانی لەخواردن گرت

هەنگاو: ڕامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە بە دوورینی لێوەکانی دەست مانگرتن لە خواردن.

٥ خەرمانان ٢٧١٨، ٠٩:٤٠

 

هەنگاو: ڕامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە بە دوورینی لێوەکانی دەست مانگرتن لە خواردن.

 بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کورد، کە لەبەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، لە دوێنێ یەکشەممە (٤ی خەرمانان / ٢٦ی ئاگۆست) لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە.

مانگرتنی ڕامین لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو لە کاتی گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسیدا بریندار بووە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە دەربڕی برینی دژوارە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.

ئەو بەندکراوە سیاسییەی کورد هۆکارەکانی دوورینی دەمی خۆی و مانگرتن لە خواردنی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بەم چەشنە باس کردووە: "پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی، جێبەجێکردنی داواکاری بۆ دووبارکردنەوەی داداگاییەکردنەکەی، جیاکردنەوەی سزاکانی بەپێی مادەی ٧ی یاسای جیاکردنەوەی ڕێکخراوی زیندانەکان و گەڕاندنەوەی بۆ گرتووخانەی سنە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد دوو هەفتە لەمەوبەر لە دۆخێکی ئەمنیدا و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکەی، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە لە گرتووخانەی ناوەندیی سنەوە بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرایەوە و ماوەی دوو ڕۆژە بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان رێگەی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ گیراوە و مافی چاوپێکەوتنی لێ قەدەغە کراوە و بە گوتەی بنەماڵە پارێزەر و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ئەگەری لەسێدارەدانی نزیکە.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی دووی پووشپەڕێ ٢٧١٧ی کوردی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و لە ڕێکەوتی (٥ی ڕیبەندانی ٢٧١٧ / ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٨) لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕیوە چوبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە دادوەری سەعیدی  بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیو ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە لەحاڵێکدا سەپێندراوە ڕگەیندراوە کە ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی بەتایبەت بەشداری لە شەڕێ چەکدارانە ڕەد کردووەتەوە و پاریزەری ناوبراویش ئەو حوکمەی چاوەڕوان نەکرا و نا دادپەروەرانە ناو بردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە