ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو بە بۆنەی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ

هەنگاو: ڕۆژی ١٠ی دێسامبر لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆ وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ناودێر کراوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ

١٨ سەرماوەز ٢٧١٩، ٢٣:٤٣

 

هەنگاو: ڕۆژی ١٠ی دێسامبر لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆ وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ناودێر کراوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە (٢٠١٩)، لانیکەم ٤٦ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون، زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس دەستبەسەر کراون، ٢٣٤ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون و ١٤٣ هاووڵاتیی کوردیش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لیدانی قامچییانی بەسەردا سەپاوە.

 

لە سێدارە دانی ٤٦ هاووڵاتیی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵی زاینییەوە (١١ مانگ)، لانیکەم ٤٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون .

لەو ژماریە، ١٩ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ٧ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای ئیلام، ٧ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای سنە، ٦ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٤ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای لوڕستان و ٣ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای خوراسانی باکوور بوون.

هەروەها، ٤١ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ٥ بەندکراو بە تۆمەتی  بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

چوار ژ و دوو منداڵ  لە نێو ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون دەبیندرێن.

 

دەستبەسەر کرانی زیاتر لە ٣٠٠٠ هاووڵاتیی کورد

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی ٧٠٥ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

لە کۆی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان دیارە، ٦١٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان، ٣٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٢٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی و ١٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کراون.

هەروەها ٥ کۆڵبەر و ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون ٢٦ کەسیان خوێندکا، مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و پارێز،  ٣٢ کەسیان ژن و ١٧ کەسیان منداڵ بوون.

 

کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەرجەم ٢٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٦٩ کەسیان کوژراون و ١٦٥ کەسیان بریندار بوون.

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی ١٨١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣٨ کەسیان بە هۆی ڕووداوی سروشتی، ١١ کەسیان بە هۆی تەقینەوە مین و ٤ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەکاتی ڕاوەدوونان بوونەتە قوربانی.

زیاترین ڕیژەی قوربانی بوونی کۆڵبەران لەپارێزگای ئورمیە تۆمارکراوە کە لەو ماوەیەدا ١٤٧ کۆڵبەر لەو پارێزگای ئورمیە کوژراون و بریندار بوون.لە پارێزگای سنە ٦٣ کۆڵبەر و لە پارێزگای کرماشانیش ٢٤ کۆلبەر بوون کوژراون و بریندار بوون.

 

سەپاندنی حوکم بەسەر ١٤٣ چالاکی کورد

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٤٣ چالاکی سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی و کرێکاری کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارە، بەندکران و لیدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا، ٢ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سپاوە و ١٤١ هاووڵاتیی دیکە سەرجەم حوکمی ٦٤٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە