ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماری ساڵی ڕابردوو

٣ سەرماوەز ٢٧١٨، ٢١:١٩

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماری ساڵی ڕابردووی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٧ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٨) لەسەریەک ١٨٣ حالەتی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

 

لەسێدارە دانی سێ ژنی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٧ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٨ حوکمی سێدارەی سێ ژنی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

ئەو سێ ژنە خەڵکی شارەکانی ئورمیە و سەوڵاوا بوون کە بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست و لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە لەسێدارە دراون.

 

دەستبەسەر کرانی ٤٦ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، ٤٦ ژنی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە و لەو ماوەیەدا، ١٤ ژنی کورد لە پارێزگای کرماشان، ١٢ ژن لە پارێزگای ئورمیە، ١٢ ژن لەپارێزگای سنە، ٥ ژن لە پارێزگای ئیلام، ژنێک لە پارێزگای لوڕستان دەستبەسەر و دوو ژنی خەڵکی باشووری کوردستانیش لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ٤٦ ژنەی کە دەستبەسەر کراون ٢٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ١٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و ٧ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی دەستبەسەر کراون و دوو ژنیش لە کۆچەرییەکانی باشووری کوردستان بوون.

 

ساڵی ڕابردوو ١٠ ژنی کورد حوکمیان بە سەردا سەپاوە

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٠ ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لەسەریەک حوکمی ١٠ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها سێ کەس لەو ژنانە حوکمی لێدانی ٣٠٠ زەربە قامچی و پێبژاردنی سێ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەنیان بەسەردا سەپاوە.

 

کوژرانی ٢٧ ژنی کورد لەماوەی ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٧ ژن و کچی کورد کوژراون کە زۆرینەیان بە دەستی کەس و کار و خزمانی نزیکی خۆیان کوژراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ١٠ ژن لە پارێزگای ئورمیە، ٨ ژن لە پارێزگای سنە، ٧ ژن لەپارێزگای کرماشان و دوو ژنیش لە پارێزگاکانی خوراسانی باکوور و ئیلام کوژراون.

 

خۆکوشتنی ٨٦ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ٨٦ ژن و کچی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لە کۆی ئەو ٨٦ ژنەی کە خۆیان کوشتووە ٤٧ کەسیان بە هۆی کێشەی خێزانی، ١٤ کەسیان بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژار، ٥ کەسیان بە هۆی نەخۆشی و کێشەی دەروونی، کەسێکیان بە هۆی پێش گرتن لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و کەسێکیان بە هۆی پێش گرتن لە بەکارهێنانی مۆبایل کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و هۆکاری خۆکوشتنی ١٧ کەسیان نادیارە.

هەروەها ٤٨ ژن لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ١٣ ژن لە ڕێگای خۆسووتاندن، ١٦ ژن لە ڕێگای خواردنی حەب و ژار، ٦ ژن لە ڕێگای خۆ فڕێدان لەسەر بینا و پرد، ژنێک لەڕیگای خۆخنگاندن بە گاز و دوو ژنیش بە هۆی بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

زۆرترین لە پارێزگای ئورمیە خۆان کوشتووە کە ٣٦ کەس بوون، لە پارێزگای سنە خۆکوشطنی ٢٤ ژن، لە کرماشان ١٤ ژن و لە ئلامیش ١٣ ژن خۆیان کوشتووە.

 

مردنی گوماناوی دوو کچە خوێندەکاری کورد

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا دوو کجە خوێندکاری کورد بە شێوەی گوماناوی کوژراون.

مونا دوڕانی خوێندکاری دوکترای کشت و کاڵ لە زانکۆی ئەهواز و مریەم فەرەجی خوێندکاری ماستەری کارگێڕی نێودەوڵەتی لە شارەکانی ئەهواز و کەرەج بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراون.

 

کوژران و برینداربوونی ٨ ژن بە هۆی تەقینەوەی مینەوە

ساڵی ڕابردوو ٨ ژنی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕەوە بوونەتە قوربانی.

لەو ماوەیەدا دوو ژن لە شاری مێهران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراون و ٦ ژنی دیکەش لە شارەکانی مێهران، ئیلام، کوهدەشت و سەردەشت بریندار بوون.

هەروەها ژنێکی خەڵکی سەقزیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە