ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆ

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١١:٣٥

 

هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، لانیکەم ٥٩ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٥٣ کەسیان حوکمی سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٤٠ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ٢٢ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.


ڕاپۆرتی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.


سێدارە

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، لانیکەم حوکمی سێدارەی ٥٩ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا ٤ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە دراون و ٥١ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی کورد تیرباران کراوە. هەروەها حوکمی سێدارەی دوو مێرمنداڵ و ژنێک جێبەجێ کراوە.


کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا لانیکەم ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٥٩ کەسیان کوژراون و ١٧٩ کەسیان بریندار بوون.

زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی کە ١١٤ حاڵەت بووە.

هەروەها ١٩٧ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و تورکیا بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین و... بووە.  و پێنج کەس لە قوربانییەکان مێرمنداڵ بوون.


کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

سێ کەس لەوانەی کوژراون بە تەقەی هێزەکانی تورکیا کوژراون.


تەقینەوەی مین

لە ماوەی ئەمساڵدا لانیکەم ٤٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.

لەو ڕێژەیە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون.


دۆخی بەندیخانەکان

لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی لانیکەم ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ٩ حاڵەتی بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا بووە.

هەروەها سێ هاووڵاتی لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکیش دوای دەستبەسەر کران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.


دەستبەسەر کران

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٤٣٧ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٨ ەکسیان ژن و ١٧ کەسیان مێرمنداڵ بوون. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە ١٩١ حاڵەت بووە.


سەپاندنی حوکم

لە سالی ٢٠٢٠دا لانیکەم ١٥٣ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و حوکمی سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٩ هاووڵاتی سەرجەم حوکمی ٦٣٥ ساڵ و ١٠ مانگ و لێدانی ٨٩٦ قامچییان بەسەردا سەپاوە و ٤ چالاکی سیاسی و مەزهەبیش حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە