ڕاپۆرتی ئاماریی ”هەنگاو“ لە سەر پێشلکاریی مافی منداڵان بە بۆنەی یەکی ژوئەن

هەنگاو: ڕۆژی یەکەمی مانگی ژوئەن وەکوو ڕۆژی پشتگیری منداڵان ناسراوە. ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٤٩ی زاییبی و لە سەر بڕیاری کۆڕی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دێموکر

١١ جۆزەردان ٢٧١٨، ١٣:٠٤

 

هەنگاو: ڕۆژی یەکەمی مانگی ژوئەن وەکوو ڕۆژی پشتگیری منداڵان ناسراوە. ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٤٩ی زاییبی و لە سەر بڕیاری کۆڕی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دێموکرات  بەو ناوەوە لە ڕۆژژمێرد تۆمارکرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای پشتگیری ئەو هەوڵە، پشتگیری لە مافەکان، ژیان و تەندروستی منداڵەکان بە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی خۆیان ڕاگەیاند.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ بۆ یەکەمجار ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشلکاریی مافەکانی منداڵان لە کوردستان لە ماوەی زەمەنیی ژوئەنی ٢٠١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠١٨ ئامادە و بڵاو دەکاتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە ٨٢ حاڵەتی پێشلکاریی مافەکانی منداڵان لە خۆ دەگرێت.

 

دەستبەسەر کردنی ٨ منداڵ و سەپاندنی ١٢٦ مانگ بەندکران 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، واتە لە ژوئەنی ٢٠١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠١٨ لەسەریەک ٨ منداڵی کورد کە سێ کەسیان کچ بوون لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەو ماوەیەدا دوو منداڵی خەڵکی سەردەشت سەرجەم حوکمی ١٠ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

خۆکوشتنی ٢٢ منداڵ لە یەک ساڵدا

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢ منداڵی کورد لە شارەکانی کوردستان بە هۆی کێشەی خێزانی و هەژارییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەو ژمارەیە ١٤ کەسیان کچ و ٨ کەسیشیان کوڕ بوون.

 

کوژران و بریندار بوونی ١٤ منداڵی کۆڵبەر

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی “هەنگاو”، ٦ منداڵی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون کە یەکێک لەوانە تەنیا ١٣ ساڵ تەمەنی هەبووە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بەریندار بوون.

هەروەها لەو ماوەیەدا ٩ منداڵی کار لە کوردستان بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە کە ٣ کەسیان کچ بوون.

 

کوژرانی منداڵان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

لە ماوەی ژوئەنی ٢٠١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠١٨ منداڵێکی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٣ منداڵیش بریندار بوون.

 

کوژرانی منداڵان بە دەستی خزمانی نزیک

 لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٨ منداڵی کورد بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان بە تایبەت باوک و دایکیان کوژراون.

لەو ژمارەیە ٥ کەسیان کچ و ٣ کەسیشیان کوڕ بوون.

 

مین و منداڵان

 مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هێشتا قوربانی دەگرێت و منداڵانی کوردیش بەشێکن لەو قوربانیانە.

بە پێی ئامارەکانی “هەنگاو” لەماوەی ساڵی ڕابردوودا منداڵێکی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە و ٤ منداڵیش کەم ئەندام بوون.

 

هەڵەی پزیشکی

نەخۆشخانەکانی کوردستان بەتایبەت نەخۆشخانەکانی شاری سنە وەکوو کوشتارگای منداڵان ناسراون.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی “هەنگاو” ساڵی ڕابردوو ٩ منداڵی کورد بە هۆی کەمتەرخەمی پێرسینلی نەخۆشخانەکان و هەروەها هەڵەی پزیشکییەوە لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

 

هەموو ئەو حالەتانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێدراوە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە.

 

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگاپیدراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە