ڕاپۆرتی تایبەتیی هەنگاو لە سەر دەستبەسەر کرانی ١٩ مندالی کورد لە ساڵی ٢٠١٩ دا

٢٩ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٤:٥١

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە چوارچێوەی ئامانجی مافی مرۆڤی خۆی و گرینگیدان بە پرسی مافەکانی منداڵان لە کوردستان، بەم شێوەیە ڕاپۆرتی تایبەتی خۆی لە سەر دەستبەسەر کرانی منداڵانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئـێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو دەکاتەوە.

ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی شیکردنەوە و شرۆڤەی ئەو ڕاپۆرتانەیە کە لەلایەن کەسانی ئاگادار بۆ هەنگاو نێردراون و هەنگاو بە شێوەی سەربەخۆ توانیویە پشتڕاستیان بکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا لانیکەم ١٩ مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بە تۆمەتی سیاسی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان بەرانبەر کراوە. لە زۆربەی ئەو حاڵەتاندە ئیستانداردەکانی پێڕاگەیشتنی دادوەری چاوەدێر بە سەر مافەکانی منداڵان وەکوو دەستبەسەر نەکردن پێش لە دادگایی کردن، پەیوەندی خێرا لەگەڵ بنەماڵە، قەدەغە کردنی گوشاری جەستەیی و رۆحی بۆ سەریان و هەبوونی ڕاوێژکاری یاسایی ڕەچاو نەکراوە.

بۆ وێنە، لێپرسینەوەکان بێ ڕەچاوکردنی یاساکانی پشتگیری تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان ئەنجام دراوە و لەکاتی لێپرسینەوە لەلایەن لیکۆڵەرەکانەوە دراونەتە بەر لێدان و کوتان تەنانەت لە یاسا گشتییەکانی تایبەت بە کاتی دەستەبسەر کران وەکوو ئاگادار کردنەوەی بنەماڵە و پشکنینی پزیشکی و خزمەتگوزاری حقوقی بێ بەش بووە.

شیاوی ئاماژە پێکردنە کە بە پێی یاساکانی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە حکومەتی ئێرانیش پەسەندی کردووە و بە پێی ماددەی ٩ی یاسای مەدەنی لە یاساکانی ئێران، دەستبەسەر کردنی پێش لە دادگایی کردن دەبێ وەکوو ئاخرین هەنگاو و ئەگەر زپر پێویست بوو بەکار ببرێت.

ڕچاونەکردنی دادڕەسیی تایبەت بە منداڵان، تەنیا تایبەت بە قۆناغی پێش دادگایی کردن نییە، بەڵکوو دادگای شیاو و مافه‌‌تایبه‌تی‌یە پێشبینیکراوەکان بۆ منداڵان و تازەلاوان لە قۆناغی دادگاشدا لە خۆ ئەگرێت.

بەپێی لێوردبوونەوەکان، هەتا ئێستا یەکێک لە منداڵە دەستبەسەرکراوەکان بە ناوی فاسڵ عومەری بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەرداسەپاوە. ئەم کەسە کە لە کاتی دادگاییکراندا تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی بووە لە هەموو مافه ‌‌تایبه‌تی‌یەکان کە بۆ منداڵان دیاری کراوەن و تەنانەت پارێزەریش بێبەش بووە.

بەپێی یاسا ناوخۆییەکانی ئێران، منداڵانی گومانلێکراو بە ئەنجامدانی تاوان دەبێ لە دادگای کەیفەری ١ بە پێدانی هەموو مافه ‌‌تایبه‌تی‌یەکان کە بۆ منداڵان دیاری کراون دادگایی بکرێن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی جارەکان، تاوانبار تۆمەتی هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانیان دەخرێتە پاڵ، پەڕگەیان بەشێوەی نایاسایی بە دادگای شۆڕش ئەسپێردرێت کە دادگایەکی ناعادڵانەیە و لانیکەمەکانی لێکۆڵینوەی عادڵانە لەو دادگایەدا ڕچآو ناکرێن.

 

جیاکردنەوەی دەستەبەسەر کراوەکان بە پێی تۆمەت

هاوکاری لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکان: ٨ حاڵەت

بەشدار لە خۆپێشاندانەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەر: ٩ حاڵەت

ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی کۆڵبەران: ١ حاڵەت

بە هۆی چالاکی سیاسی باوکی: ١ حاڵەت

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای سنە ١٠ حاڵەت

پارێزگای کرماشان ٥ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە: ٤ حاڵەت

داگرتنی فایلی PDF


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە