ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

٢٤ جۆزەردان ٢٧١٩، ١٧:٣٣

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ١٧ی جۆزەردان هەتا ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧١٩، لانیکەم ٢٣ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران و کاسبکاران (٦ حاڵەت)

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ئەو حەفتەیەدا کۆڵبەرێک لە شاری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٣ کۆڵبەری دیکەش لە سنوورەکانی پیرانشار و سەردەشت بریندار کراون. هەروەها کۆڵبەرێک لەبانە بە هۆی تەقینەوەی مین و کۆڵبەرێکی دیکەش بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر بریندار بوون.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم  (٨ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٣ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ٥ هاووڵاتیش لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، پێنج هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی تیکاب، ئورمیە و سەقز بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان سەرجەم حوکمی ١٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها سێ هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و سەلاسی باوەجانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و سێ هاووڵاتیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

 

کرێکاری (٤ حاڵەت)

لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا سێ کرێکار لە شارەکانی سەردەشت، قەسری شیرین و جوانڕۆ لەکاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، چالاکێکی کرێکاری خەڵکی سەقز کە حوکمی بەسەردا سەپابوو، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بانگ کراوە.

 

خۆکوشتن و کوژرانی ژنان (٥ حاڵەت)

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژنێک لە کوردستان کوژراوە و ٤ کەسیش خۆیان کوشتووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژنێک لە ئورمیە بە دەستی هاوژینەکەی کوژراوە و ٣ ژن لە شارەکانی ئابدانان، ئیلام و کامیاران بە هۆی کێشەی کۆمەڵایتییەوە خۆیان کوشتووە. هەروەها لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵیش لە پیرانشار خۆی کوشتووە.

 

هەموو ئەو حاڵەتانە پێشتر لە ماڵپەڕێ هەنگاو بڵاو کراونەتەوە و نێو و زانیاری تەواوی ئەو کەسانە لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمارکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە