ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

٧ پووشپەڕ ٢٧١٩، ١٤:٤١

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ٣١ جۆزەردان هەتا ڕۆژی هەینی ٧ی  پووشپەڕی ٢٧١٩، لانیکەم ٢٦ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران و کاسبکاران (٤ حاڵەت)

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ئەو حەفتەیەدا کۆڵبەرێک لە شاری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٢ کۆڵبەری دیکەش لە سنوورەکانی بانە و هەورامان بریندار کراون. هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی پێبژاردنی ٨٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپاوە.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم  (١٧ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ١٣ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ٤ هاووڵاتیش لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٣ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی داڵاهۆ، جوانڕۆ ، کامیاران، بۆکان، سەڵماس و شنۆ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کراون. دوو بەندکراویش دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کراون.

هەروەها چوار هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی سنە و بانە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی ١٨ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

خۆکوشتن (٤ حاڵەت)

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا چوار کەس لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژنێک لە شاری سنە، دوو مێر منداڵ لە مەهاباد و ئیلام و دەسفرۆشیک لە شاری مەهاباد خۆیان هەڵواسیوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

کرێکاری (١ حاڵەت)

لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا فەرمانبەرێکی ئیدارەی کارەبای نۆدشە بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەست دا.

 

هەموو ئەو حاڵەتانە پێشتر لە ماڵپەڕێ هەنگاو بڵاو کراونەتەوە و نێو و زانیاری تەواوی ئەو کەسانە لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمارکراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە