ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١٤ پووشپەڕ ٢٧١٩، ١٤:٠٨

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٣٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ٧ پووشپەر هەتا ڕۆژی هەینی ١٤ی  پووشپەڕی ٢٧١٩، لانیکەم ٣٢ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران و کاسبکاران (٧ حاڵەت)

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ئەو حەفتەیەدا دوو کۆڵبەر لە شارەکانی نەوسوود و پیرانشار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٥ کۆڵبەری دیکەش لە سنوورەکانی نەوسوود، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بریندار کراون.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم  (٢٠ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ١٧ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ٣ هاووڵاتیش لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەلاسی باوەجانی، نۆدشە ، دێولان، ئورمیە، ماکۆ و شنۆ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کراون.

هەروەها سێ هاووڵاتی خەڵکی شاری سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی ١٥ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

 

خۆکوشتن (٥ حاڵەت)

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا چوار کەس لە شارەکانی ئیلام، بۆکان، سەقز و ئورمیە خۆیان هەڵواسیوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە کەسیکیان تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی هەبووە.

هەروەها کچێکی تەمەن ١٠ ساڵیش لە شاری سنە لەلایەن دایکیەوە کۆژراوە.

 

کرێکاری (٢ حاڵەت)

لەماوەی حەفتەی ڕابردووداکرێکارێک لە کرماشان و کرێکارێکیش لە شاری ئەسفەراینی باکووری خوراسان بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.

 

هەموو ئەو حاڵەتانە پێشتر لە ماڵپەڕێ هەنگاو بڵاو کراونەتەوە و نێو و زانیاری تەواوی ئەو کەسانە لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمارکراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە