ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (خاکەلێوەی ٢٧٢٠)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٨ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

١ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٦:٠٢


هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٨ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ ، لانیکەم ٤٨ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛


کۆڵبەران ( ٥ حاڵەت)
لەماوەی مانگی ڕابردوودا پێنج کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە، ماکۆ و چالدێران بوونەتە قوربانی کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەست داوە. دوو حاڵەت بە هۆی ڕووداوی سروشتی و ٤ حاڵەت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.


سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (٩ حاڵەت)
لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لاینکەم هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە دراوە.
هەروەها، ٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی مەهاباد، میاندواو و ئورمیە گیانیان لە دەست داوە کە ٦ حاڵەتی بە هۆی پەتای کۆرۆنا و ٢ حاڵەتیشی لەئەنجامی تەقە و هەروەها ئەشکەنجەی بەرپرسانی بەندیخانە بووە.


کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٤ حاڵەت)
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەلەکشاهیی ئیلام بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە. هەروەها سێ کەس لە شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (١٠ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ٣ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی و سەرجەم حوکمی ١٩ سال و ٥ مانگ بەندکرانی و لێدانی ٢٤ قامچییان بە سەردا سەپاوە.

خۆکوشتن و کوژرانی ژنان ( ١٩ حاڵەت)
لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ کەس لە شارەکانی کوردستان بە هۆی کێشەی خێزانی و ئابوورییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٨ کەسیان ژ و ٣ کەسیان منداڵ بوون.
هەروەها ٢ ژن لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و ماکۆ بە دەستی کەس و کاری نزیکی خۆیان کوژراون.

کرێکاری ( ١ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا کرێکارێکی خەڵکی نەغەدە لە کاتی کار و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە