ڕاپۆرتی پێشێلکاری خوێندکارانی کورد لە ساڵی ٢٠١٨ دا

هەنگاو: ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز (٧ی دێسامبر) لە ئێراندا وەکوو ڕۆژی خوێندکار دیاری کراوە و هەنگاو بەو بۆنەیەوە ڕاپۆرتێکی پێشێلکاری مافەکانی خ

١٦ سەرماوەز ٢٧١٨، ١١:٣١

 

هەنگاو: ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز (٧ی دێسامبر) لە ئێراندا وەکوو ڕۆژی خوێندکار دیاری کراوە و هەنگاو بەو بۆنەیەوە ڕاپۆرتێکی پێشێلکاری مافەکانی خوێندکارانی کورد بڵاو دەکاتەوە. لە ماوەی ئەو ساڵەدا ٣١ خوێندکاری کورد دەستبەسەر و سێ خوێندکاری دیکە حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە و خوێنکارێکیش لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لە دەست داوە.

 

دەستبەسەرکردنی ٣١ خوێندکاری کورد لە ماوەی ١١ مانگدا

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ئەمساڵی زایینی (٢٠١٨)، لانیکەم ٣١ خوێندکاری کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ٣١ خوێندکارەی کە دەستبەسەر کراون ١٠ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە، ٩ خوێندکار خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٩ خوێندکار خەڵکی پارێزگای ئورمیە و ٣ خوێندکاریش خەڵکی پارێزگای ئیلام بوون.

ناوی تەواوی ئەو خوێندکارانەی کە دەستبەسەر کراون بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

سێ خوێندکاری کورد حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ئەمساڵدا سێ خوێندکاری کورد سەرجەم حوکمی ١٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە مریەم فەرەجی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە ٣ ساڵ بەندکران، زانیار ئەحمەدی نیاز بە ٨ ساڵ بەندکران و ئیبراهیم خالیدی بە ٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

 

کوژرانی گوماناوی دوو خوێندکار و کوژرانی خوێندکارێک لە ژێر ئەشکەنجە

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەماوەی ئەمساڵدا خوێندکارێکی خەڵکی ئیلام بە ناوی ”تالیب بەساتی وەند“ لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

هەروەها دوو کچە خوێندکاری خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی مونا دوڕانی و مریەم فەرەجی بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراون.

 

لەسێدارەدانی خوێندکارێکی کورد و خۆکوشتنی دوو خوێندکاری دیکە

لەماوەی ئەمساڵدا خوێندکارێکی خەڵکی  جوانڕۆ بەناوی مەسعوود وەکییڵی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لەسێدارە دراوە.

هەروەها دوو خوێندکار بەناوەکانی مریەم عەینی خەڵکی هەلیلانی ئیلام و ئەبووبەکر خالیدی خەڵکی مەهاباد بە هۆی هەژارییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە