ڕاپۆرتی یاسایی ژمارەی ١ی هەنگاو له سەر دەستبەسەر کردن و ڕفاندنی هاووڵاتییان لە ناڕەزایەتییەکان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر کوژرانی ژینا ئەمینی، بەردەوام نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە توندوتیژیی لەڕادەبەدەری هێ

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٠٩:٢٧


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر کوژرانی ژینا ئەمینی، بەردەوام نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە توندوتیژیی لەڕادەبەدەری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوان و بە تایبەتیش بریندارەکان - کە بە بێ هیچ جۆرە چارەسەرێکی تەندروستی دەستبەسەر کراون - دەربڕیوە.


بەم بۆنەیەوە فەراز فیرووزی، ڕاوێژکاری یاسایی هەنگاو، کردەوەکانی ئۆفیسی یاسایی هەنگاو ڕادەگەیەنێت: ئۆفیسی یاسایی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ بەدواداچوون بۆ دۆخی کەسانی ڕفێنراو پێی وایە ئەم کردەوە توندوتیژانەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەرامبەر بە هاووڵاتییان ئیتر ناکرێت ناوی دەستبەسەرکردنی لەسەر دابنرێت.


لە لایەنی یاساییەوە دەستبەسەرکردن کاتێکە کە تۆمەتبار بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان و لەوانەش پیشاندانی بڕیاری دادوەری، ئاگادار کردنی بنەماڵە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە سەرەتای دەستبەسەرکران و دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانیی یاسایی و پارێزەر و بەخێرایی ئاگادار کرانەوە لە تۆمەتەکەی دەستبەسەر بکرێت و بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە یاسایییەکان بگوازرێتەوە بۆ یەکێک لە بەندیخانە فەرمییەکانی لیستی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی وڵات.


ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی داوە و بەردەوامیش ڕوو دەدات، بە پێی ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پشتیوانی لە هەموو تاکەکان لە بەرامبەر ون بوونی زۆرەملێ، تاوانێکی نێودەوڵەتیی ناسراوە. هەرچەند کە حکومەتی ئێران پەیوەستی ئەم کۆنڤانسیۆنە نەبووە بەڵام پێناسە و چۆنیەتیی ئەم کردەوە تاوانبارانەیە، وەک ڕێسایەکی لێ هاتووە کە حکومەتەکان لەسەریانە لەبەرچاوی بگرن. شیاوی ئاماژە پێکردنە تەنانەت بەگوێرەی یاسا لانی کەمەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، تۆمەتبار ئەو مافانەی هەیە.


بەڵام ئەوەی لەم بوارەدا بە کردەوە دەیبینین، پێشێلکردنی هەموو ڕێوشوێنە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوەیە.


بەگوێرەی ئاماری هەنگاو تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠کەس لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون کە ژمارەیەکی بەرچاویان بریندار بوون و پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی هەبووە.


تەنانەت هەندێک ڕاپۆرتیش بە هەنگاو گەیشتووە سەبارەت بەوەی کەسەکان لە پاش دەستبەسەرکرانیان، بە هۆی توندوتیژی یان نەبوونی چارەسەری پزیشکی گیانیان لەدەست داوە بەڵام تیمی یاسایی هەنگاو بەردەوامە لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست و ئێستا ناتوانێت بە دڵنیایەوە ئەم هەواڵانە پشتڕاست بکاتەوە.


هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ڕوو لە زیادبوونی ڕفاندنە زۆرەملێکان، ئەم نیگەرانییانە سەبارەت بەشوێنی ڕاگرتن و ئەگەری ئەشکەنجە کردنی ئەو کەسانە زیادی کردووە. پێویستە ئاماژە بکرێت بەگوێرەی ئامارەکانی هەنگاو لەو ژمارەیە ناسنامەی ٣٠٠ کەس بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە ٥٠ کەسیان ژن بوون و ١٩ کەس لەوانەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵەوە بووە.


هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە بتوانین لیستەیەکی ورد و دروست لە دەستبەسەرکراوان ئامادە بکەین و بە ئاشکراکردنی شوناسی دەستبەسەرکراوان بتوانین جگە لە گەیاندنی زانیاری، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست و لەوانەش ڕاوێژ بە بنەماڵەکان، بەدواداچوون بۆ میکانیزمە بەردەستەکانی مافی مرۆڤیش بکەین.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
سێپتەمبەری ٢٠٢٢
هامبورگ
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە