ڕاپۆرتێک لە سەر باری تەندروستی ناجێگیری هێمن مام قادر لە بەندیخانەی ئورمیە

هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسی پێشوو کە سەرەتای مانگی پووشپەڕ دیسان دەستبەسەر کراوەتەوە، لە کاتی دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دراوەتە بەر دەست

١٧ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ٢٢:٣٦



هەنگاو: شەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسی پێشوو کە سەرەتای مانگی پووشپەڕ دیسان دەستبەسەر کراوەتەوە، لە کاتی دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لاقی بە سەختی بریندار کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مام قادر لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: ” هێمن مام قادر ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە“. ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە سەرباری ئەوەی کە پزیشک ڕایگەیاندووە کە هێمن پێویستە بە پەلە نەشتەرگەری بۆ بکرێت بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات هەتا ئێستاش ئیزنی نەداوە کە ناوبراو ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت.

هێمن مام قادر خەڵکی بۆکان ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلی خۆی لە شاری سەقزەوە بەرەو بۆکان دەگەڕایەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دراوەتە بەر دەستڕێژ و دوای ئەوەی لاقی بریندار کراوە ئەو هێزانە دەستبەسەریان کردووە و بۆ ئورمیەیان گواستووەتەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ دوای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.

هێمن مام قادر کۆتایی بەهاری ٢٧١٧ دەستبەسەر و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ناوبراو پاییزی ٢٧١٩ لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقزەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە و هەتا کاتی ئازادی لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە