ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لە سنە

دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی فەرشید کەریمی و محەممەد حوسێنی کۆتایی مانگەکانی بانەمەڕ و جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کر

٩ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٣:٥١


هەنگاو: پێنجشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی فەرشید کەریمی و محەممەد حوسێنی کۆتایی مانگەکانی بانەمەڕ و جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەواڵی دەستبەسەرکرانیان. میدیایی نەبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە هاووڵاتییەکیان بە ناوی محەممەد حوسێنی دەستبەسەر کردووە کە سەرباری تێپەڕینی سێ حەفتە لە دەستبەسەرکرانی چارەنووسی نادیارە.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا محەممەد حوسێنییان لە ناو دووکانەکەی خۆی لە شارەکی سەعدی و بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کردووە و هەروەها دەستیان بە سەر مۆبایلی خۆی و منداڵەکەشیدا گرتووە.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کرانی محەممەد حوسێنی و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی فەرشید کەریمی ٣٥ ساڵە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ پاش ٤٥ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە فەرشید کەریمی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە