ڕاپۆرتێک لە سەر لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان

هەنگاو: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ن

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢٠:٤٥

 

هەنگاو: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لە سێدارە دراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢١)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ماشاڵڵا سەبزی  تەمەن ٤٨ ساڵ لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای سێدارەی ماشاڵڵا سەبزی خەڵکی گوندی پاتەبە سەر بە بەخشی بێستوون بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی بۆ دوایین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ماشاڵڵا سەبزی ١١ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە بێ ئەوەی بەڵگەیەک لە سەر سەلماندنی کوشتن کەسێک لەلایەن ناوبراوەوە هەبێت، لە ڕێگای ڕێوڕەسمی “قەسامه” سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەمان ڕۆژ هەنگاو هەواڵی لەسێدارە دانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەرفیروزئابادی بە ناوی ئەفشار فەتحی تەمەن ٢٨ ساڵ بڵاوکردووەتەوە.

ئەفشار فەتحی ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، هاووڵاتییەکی خەڵکی کەنگەڤەر (کەنگاوەر) بە ناوی ئیسماعیل سولتان ئابادی دوای ٢٣ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لەو ڕووەوە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی کوشتنی کەسێک لەلایەن ناوبراوەوە نەبووە، دوای ٢٣ ساڵ ناڕوونی چارەنووس دواجار ئەمساڵ لە ڕێگای ڕوێڕەسمی قەسامە و بە سوێندخواردن و واژۆکردنی ٥١ کەس سزای سێدارە بە سەر ئیسماعیل سولتان ئابادی سەپا و سزاکەی جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە