ڕاپۆرتێک لە سەر مەرگی گوماناوی شاهین ناسری بەندکراوی کورد لە بەندیخانە

ڕاپۆرتێک لە سەر مەرگی گوماناوی شاهین ناسری بەندکراوی کورد لە بەندیخانە

14:34 - 23 September 2021

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد کە یەکێک لە دەگمەن شایتحاڵانی ئەشکەنجەی نەوید ئەفکاری لە بەندیخانەی شیراز بوو، بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی “تهران بزرگ” گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢١)، شاهین ناسری بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری ئەسەد ئاباد سەر بە پارێزگای هەمەدان، بە شێوەیەکی گوماناوی لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی “تهران بزرگ” گیانی لە دەست دا.

ڕۆژی ڕابردوو بنەماڵەی شاهین ناسری تەرمی ناوبراویان لە پزیشکی دادی کەهریزەک وەرگرتووەتەوە و لە زێدەکەی واتە شاری ئەسەد ئاباد ئەسپەردەی خاکیان کردووە.

دەزگای دادی ئێرانیش مردنی شاهین ناسری پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پزیشکی داد هۆکاری مردنەکەی ڕادەگەیەنێت.

شاهین ناسری لەو دەگمەن کەسانە بوو کە شایەتی دا کە نەوید ئەفکاری زۆرانبازی خەڵکی شیراز لە دەستبەسەرگەدا ئەشکەنجە کراوە و هەر بەم هۆکارەش چالاکانی مەدەنی مەرگی گوماناوی ناوبراو بە دەگەڕێننەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران.

بنەماڵەی شاهین نەسری ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبووە و بابەک پاک نیا پارێزەری ناوبراویش لە تویتەردا ڕایگەیاندووە کە : “ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێکخراوی بەندیخانەکان بیهەوێ کوژرانی ناوبراو بە خۆکوشتن لە قەڵەم بدات. بەڵام بەڕێز ناسری نە کەسێکی خەمۆکی بووە و نە کیشەی دەروونی هەبووە کە بیهەوێ خۆی بکوژێت. ژن و منداڵی هەبوو و گەشبین بوو بە داهاتوو. هیچ نەخۆشییەکی تایبەتیشی نەبووە کە بەو هۆیەوە مردبێت”.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویە: “شاهین ناسری بە بۆنەی یەکم ساڵڤەگەری ەسێدارەدانی نەوید ئەفکاری نامەیەکی ئامادە کردووە و ویستوویە کە لە ڕێگای تەلەفوونەوە بیخوێنێتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە ئاگادار بوون و پێش لە خوێندنەوەی نامەکە گواستوویانەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.”

ئەم بەندکراوە کوردە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەکم لێکراوە کە نابێ شایەتی بدەم بۆ ئەشکەنجەدانی نەوید ئەفکاری و تەنانەت بەرپرسێکی حکوومەتی لە شیراز هەڕەشەی ئەزیەت و ئازاری هاوژینەکەمی لێکردووە.

شاهین ناسری بەکالریۆسی بازرگانی خوێندووە و ڕۆژی دووشممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧١٨ (١٧ی سێپتامبری ٢٠١٨) لە قەزوێن دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی شیراز گوازرایەوە. ناوبراو دوای شایەتی دان بە نیسبەت ئەشکەنجەی نەوید ئەفکاری زۆر ئەشکەنجە دراو و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران و لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی “تهران بزرگ” لە جاددەی قوم گوازرایەوە.

نەوید ئەفکاری زۆرانبازی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی شیراز، سەرەڕای ئەوەی دۆسیەکەی پڕ بوو لە کەم و کۆڕی، ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٠ لەسێدارە درا و تەرمەکەشی شەوانە ئەسپەردە کرا.