ڕاپۆرتێک لە سەر کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکان لە کرماشان

هەنگاو: مانگی ڕابردوو لاوێکی خەڵکی کرماشان لە ناوەندی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

١٤ سەرماوەز ٢٧٢١، ١١:٥٢

 

هەنگاو: مانگی ڕابردوو لاوێکی خەڵکی کرماشان لە ناوەندی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی کرماشان بە ناوی یاسر محەمەدی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە کۆماندۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی یاسر محەمەدی کە چەند ڕۆژ پێش ڕێوڕەسمی چلەی ناوبراو بەڕێوە چووە، هێزە کۆماندۆکانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ئەوەی ڕەقەمی ئۆتۆمبیلی یاسر ناڕوونە و بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشووتر لە پشتەوەوە ئۆتۆمبێلەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و یاسر گولەیەکی بەر کەوتووە و گیانی لە دەست داوە.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە کۆماندۆکان لە نزیک کەمەربەندی  گەراژی ئیسلام ئاوا تەقەیان لە یۆتۆمبێلی یاسر محەمەدی کردووە و سکاڵای بنەماڵەکەی هەتا ئێستا بێ وڵام ماوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ٢١ی سەرماوەز واتە حەوتوویەکی دیکە ساڵڕۆژی لەدایک بوونی یاسر مەحەمەدییە .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە