ڕاپۆرتێک لەسەر بەندکراوێکی سیاسی مەحکووم بە ١٥ ساڵ بەندکران لە شنۆ

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ ماوەی سێ ساڵە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە بەندیخانەی ئەو شارە بەند کراوە.

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٩:٠٧


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ ماوەی سێ ساڵە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە بەندیخانەی ئەو شارە بەند کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ”عەلی عارفی“ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە ساڵی ٢٧١٧ (٢٠١٧ی زایینی) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو، هەنووکە لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ڕادەگیرێت.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ”عەلی عارفی پاش دەستبەسەرکران لە ساڵی ٩٦دا، لەلایەن دادگای گشتیی شنۆوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە“.


ئەم حوکمە سەپێندراوەی دادگای گشتیی شنۆ دەقاودەق لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە پەسند کراوە و لەو کاتەوە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەندیخانەی شنۆ ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات و لەو ماوەیەدا مافی مرەخەسی نەبووە.


”عەلی عارفی“ چەند مانگ پێش بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوزرابووە و لەوێ ئەشکەنجە دراوە.


هەواڵی دەستبەسەرکران و سەپاندنی حوکم بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییە هەتا ئێستا بە میدیایی نەکرابوو و هەنگاو وەکوو یەکەمین سەرچاوە پاش سێ ساڵ ئەم کەیسە میدیایی ئەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە