ڕاگەیاندراوی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ ئیدانە کردنی تیرۆری "مووسا باباخانی"

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٣:١٧

 

هەنگاو: چوار ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانە کردنی تیرۆری مووسا باباخانی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات داوا لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە هۆی گرینگیی ئەو پرسەوە، شێلگیرانە و بە شەفافییەتەوە بەدوایدا بچن.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە؛

ڕۆژی پێنج شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ٢٧٢١، "مووسا باباخانی"، ئەندامی ڕێبەریی حزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هۆتیلێکی شاری "هەولێر" پایتەختی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تیرۆری ئەم چالاکە سیاسییە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە. حکوومەتێک کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، تیرۆر و لەناوبردن، بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکییەکەی بووە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئیدانە کردنی تیرۆری مووسا باباخانی، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت ڕێپۆرتێرە بابەتییەکانی مافی مرۆڤ و یەک لەوانیش ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران دەکەن، بە سەرنجەوە گرنگییەکی تایبەت بەم بابەتە بدەن. هەروەها دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، داوا لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە هۆی گرینگیی ئەو پرسەوە، شێلگیرانە و بە شەفافییەتەوە بەدوایدا بچن.

ئێمە وەک ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، هاوکات کە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی نەتەوەی کورد دەکەین داواش لە سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان لە ئێران و کوردستان دەکەین لە بەرانبەر سیاسەتە توندوتیژەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگ نەبن و بە گوێرەی پێویست بەرانبەر بە بەردەوام بوونی کوشتار و تیرۆری چالاکانی سیاسیی کورد، ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئێستا سەدان چالاکی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئورووپایی تیرۆر کردووە و بەردەوام بە هەڕەشە کردن لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی، خەریکی پلاندانان بۆ تیرۆر و لەناوبردنی چالاکانی کوردستانە.

تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی کوردستانیش لە کاتێکدا بەڕێوە دەچی کە ئەم حکوومەتە لە ناوخۆی وڵات، لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران چالاکی سیاسیی لە بەند کردووە و دەیان چالاکی سیاسیشی لە سێدارە داوە.

دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە کوردستان تەنیا بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانە و لە بنەڕەتڕا هیچ سەربەخۆییەکی دادوەریی نییە بە شێوەیک کە زۆرترین لقی دادگای شۆڕشی ئێران لە شارەکانی کوردستانە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە تیرۆری مووسا باباخانی بە توندی ئیدانە دەکەین و هەموو هەوڵی خۆمان بۆ بەدواداچوونی یاسایی بۆ دۆخی تراژدیکی مافی مرۆڤ لە کوردستان بە گشتی و ئەم تیرۆرە بە تایبەتی دەخەینە گەڕ.

 

ناوی ڕێکخراوەکان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

 

٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١

١١ ئاگۆستی ٢٠٢١


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە