ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی زمانی دایکی

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە بۆنەی ٢١ی فێوریە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای بەرگری لە مافی

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١٦:٠٢

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە بۆنەی ٢١ی فێوریە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای بەرگری لە مافی زمانی دایکی، سیاسەتی تاکزمانی و ڕوانگەی ئەمنی بۆ زمانی کوردی ئیدانە دەکا و خوازیاری ئەوەیە تۆمەتەکانی زارا محەمەدی بە گوێرەی ستانداردەکانی دادگایەکی دادپەروەرانە و لە دادگایەکی ئاشکرادا تاوتوێ بکرێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

مافی زمانی دایکی یەکێک لە بنەماییترین مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت لە وڵاتێکی فرە ئیتنیک و فرەزماندایە. ئامانج لەم مافە چۆنێتیی پشکداریی کەمینە زمانییەکان لە بارودۆخی کۆمەڵگایەکە کە زمانێکی یەکسانی تێدا نییە و ئەم مافە دێنێتە ئاراوە کە کەمینە زمانییەکان لە جیێ کەڵک وەرگرتن لە زمانی زۆرینە، بتوانن لە زمانی دایکیی خۆیان بە تایبەت بۆ پەروەردە کەڵک وەربگرن.

گرینگیی مافی زمانی دایکی و نەبوونی هەڵاواردن لە جێبەجێ کردنی ئەم مافە بە ڕوونی لە بەڵگەنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤدا – سەرەڕای بەڵگەنامە ناوچەیییەکان – بۆ نموونەی ماددەی ٢ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، ماددەی ٢٦ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیشکی خراوەتە سەر. گرینگیی ئەم مافە تەنانەت لە ڕەوتی یاسای نێودەوڵەتیشدا خۆی دەرخستووە بۆ نموونە کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان – وەک چاوەدێری جێبەجێ کرانی پەیماننامەی مافە مەدەنییەکان – لە تاوتوێ کردنی سکاڵای یەکێک لە شارۆمەندانی ئۆزبەکستان لە دژی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند کە مافی پەروەردە بە زمانی دایک، وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی کەلتووری کەمینەکان دێتە ئەژمار.

مافی پەروەردە بە زمانی دایکی نەتەنیا پارێزەری شوناسی بەکۆمەڵی کەمینە زمانییەکانە بەڵکوو لە بواری تاکەکەسییشەوە توخمێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەی پەروەرە و فێرکاریی زمانەکانی دیکە. بێبەش کرانی سیستەماتیک لەم مافە و سوور بوون لەسەر تاکزمانی، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، نەبوونی دەرفەتی بەرابەر بۆ بەشداریی هەموو زمانەکان لە کۆمەڵگادا و پەڕاوێزخرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە.

زمانی کوردی لە تەنێشت کەمینە زمانییەکانی دیکە لە ئێراندا هەموو کات لە سەرەتای پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوە و چەمکی نوێی دەوڵەتەوە، بووەتە قوربانیی ڕژێمی تاکزمانی و حاشالێکردن. ئەم سیاسەتە دەمارگیرانەیە بە پاساوی جوداییخوازی و دابەشکردنی ئێران، لە سەردەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر پەرەی سەندووە بە شێوەیەک کە دەزگا ئەمنییەکان بە زاڵ بوون بەسەر سیاسەتە گشتییەکانی پەروەردە و کەلتوور و یاسادا، هیچکات تەنانەت بە ڕادەی لانی کەمی تۆمار کراو لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیشدا، دەرفەتی خاوەنداری لە مافی زمانی دایکیان بە نەتەوەکانی ئێران نەداوە.

حاشاکردنی سیستەماتیک لە زمانی کوردی لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو کات لەگەڵ تۆقاندن و سیناریۆسازی و سزای قورسی دادوەری ڕووبەڕوو بووەتەوە. بە شێوەیەک کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە چالاکان و مامۆستایانی زمانی کوردی، سەرەتا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون و بە بێبەش کرانیان لە سەرجەم مافەکانی شارۆمەندی، لە ئەنجامدا لە لایەن دادگای شۆڕشەوە سزای قورسی بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

نوێترین قوربانیی ئەم سیناریۆسازییەی دەزگا ئەمنییەکان لە کوردستان، زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردییە کە بە هۆی پەروەردە و فێرکاریی زمانی کوردییەوە، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ بەرگری لە مافی زمانی دایکی، سیاسەتی تاکزمانی و ڕوانگەی ئەمنی بۆ زمانی کوردی ئیدانە دەکا و خوازیاری ئەوەیە تۆمەتەکانی زارا محەمەدی بە گوێرەی ستانداردەکانی دادگایەکی دادپەروەرانە و لە دادگایەکی ئاشکرادا تاوتوێ بکرێ.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

٢٠ی فێوریەی ٢٠٢١

٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە