ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە مانگرتنی گشتی بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جارێکی دیکە لەگەڵ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە لە شاری تاران

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٦:٠٢

 

هەنگاو: یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جارێکی دیکە لەگەڵ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئێرانەوە لە شاری تاران، بە داخبوون و هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی ئەمینی ڕادەگەیەنێت.

بۆ ئەم مەبەستە هەنگاو لەگەڵ پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، جەختیش دەکاتەوە کە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لە مافە بنەماییەکانی هاووڵاتییانن و حکومەتەکان لەسەریانە ئەو مافانە بە بێ هیچ بەربەستێک بۆ شارۆمەندانیان بە فەرمی بناسن.

بە پێی ڕێککەوتننامەی جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و لەوانەش جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مانگرتن، بە مافێکی شارۆمەندانە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە فەرمی ناسراوە و حکومەتەکان ناتوانن سنوورداری بکەن یا بەم بیانووە هێرش بکەنە سەر هاووڵاتییان.

وەک دیتمان ڕۆژی ڕابردوو حکومەتی ئێران ناڕەزایی دەربڕینە مەدەنییەکانی خەڵکی سنە و سەقزی بەرەو توندوتیژی برد و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بە هۆی هێرشی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار بوون و ژمارەیەکی نادیاریش دەستبەسەر و ڕفێندراون.

هەنگاو لەگەڵ ئیدانەکردنی توندوتیژیی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوژرانی ژینا ئەمینی و هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانی سەقز و سنە، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ مانگرتنی گشتیی ڕۆژی دووشەممە ڕادەگەیەنێت و چاودێریی کردەوەی هێزە حکومییەکانیش دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە