ڕاگەیەندراوی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی سەبارەت بە ئەمنی کردنی کەشی ئەو شارە

هەنگاو: ژمارەیەک لەچالاکانی مەدەنی خەڵکی شاری بانە بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک هەڵووکەوتی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتیان لەو شارە و هەڵکوتانە

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٢٣:٥٦

 

هەنگاو: ژمارەیەک لەچالاکانی مەدەنی خەڵکی شاری بانە بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک هەڵووکەوتی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتیان لەو شارە و هەڵکوتانە سەر ماڵان و پشکنینینی ماڵی خەڵکیان شەرمەزار کردووە.


لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی دەستبەسەر کردنی بوکوژانی موحسین فەخریزاده، یەکێک لە زانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە شاری بانە دەستیان کردووە بە گرتنی لاوانی ئەو شارە و بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە کە بۆ هەنگاو نێردراوە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بە نێوی خودای گەورە و دلۆڤان

کۆمەڵگای ئازادیخوازی کوردستان
هاوشارییانی بەڕێزی شاری بانە
بەرپرسانی خۆجێیی پارێزگا و شار

وەک هەموو ئاگادارین لە ڕێکەوتی ٧/٩/١٣٩٩  یەکێک لە زانایانی ئۆتۆمی و بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی ئێران  بە ناو موحسین فەخریزاد لە ئابسەردی شاری دەماوەند نزیک تاران تیرۆر کرا.

دوای ئەم ڕووداوە، بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لێدوانیان لە سەر چوونیەتیی شێوازی تیرۆرکردنی ئەم کەسایەتییە دا، بە شێوەیەک کە زۆرینەی لێدوانەکان لە گەڵ یەکدا جیاواز بوون.

بەڵام بەداخەوە دوای چەند ڕۆژ لەم ڕووداوە، هێزە ئەمنییەکان بە شێویەکی ناپەرپرسانە بە هێزی تایبەتەوە لە تارانەوە هاتنە کوردستان و بە بیانووی دەسگیرکردنی بکوژانی موحسین فەخریزاد، کەشی شارەکانی کوردستان و به تایبەت بانە ئەمنیەتی کرا.

چەندین گەنج و لاوی زەحمەتکێشی دێهاتە سنوورییەکان و ناو شاریان دەسبەسەر کردووە و بە شێویەکی نابەرپرسانه و بێ بەڵگە هەڵدەکوتنە سەر ماڵ و ژیان و شوێنی کاسبیی خەڵک.

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی بانە، وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوەیە، ڕایدەگەیێنین کە خەڵکی کوردستان بەگشتی و شاری بانە بە تایبەتی هەموو کات خواست و داواکارییەکانیان لە سەر ماف  و داخوازییەکانیان، لەسەر بنچینەی خەباتی مەدەنیانە بووە کە لە ڕابردووە تا ئێستا ئەوەمان سەلماندوە.

لە کاتێکدا کوردستان خۆی هەموو کات قوربانیی دەستی تیرۆر و تیرۆریزم بووە، دژی هەرچەشنە کاری لەو شێوەیەش وەستاوەتەوە.

بۆیە داواکارین کەشی ئەمنیەتی لەسەر شاڕ هەڵگرن و گیراوان ئازاد بکرێن و بەبێ بەڵگە هەڵنەکوترێتە سەر ماڵ و ژیانی خەڵک.
هەروەها لە بەرپرسە خۆجێییەکان و نوێنەری شاری بانە لە پاڕڵەمان داواکارین دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بە گوێی دەسەڵاتداران بگەیێنن.


کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە

٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٠
١٥ی دێسامبری ٢٠٢٠


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە