ڕوانسەر/ تێکهەڵچوونی خەڵکی ناڕازی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و دەستبەسەرکرانی ٤ هاووڵاتی و برینداربوونی دوو ژن + ویدیو

هەنگاو: هاووڵاتییان لە یەکێک لە گوندەکانی ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان دژبە کارکردن لە کانزایەک لەو ناوچە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئیزنیان نەداوە

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٠:٠٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییان لە یەکێک لە گوندەکانی ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان دژبە کارکردن لە کانزایەک لەو ناوچە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئیزنیان نەداوە کاری تێدا بکرێت کە کە دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون ڕووی داوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبەریی ٢٠٢١) بەشێک لە هاووڵاتییانە ناڕازی گوندی “شەژووی سەروو” سەر بە شاری ڕوانسەر پێشیان بە کارکردنی کرێکاران لە کانزایەکی بەرد کە لە نزیک ئەم گوندەوە بووە گرتووە و دوایی ئەوەیکە هێزە ئەمنییەکان ڕژاونەتە ئەم شوێنە و دەستێوەردانیان کردووە تێهەڵچوون ڕووی داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و دانیشتوویئەم گوندە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ناڕازییان کردووە و بە هۆیەوە دوو ژن بە ناوەکانی “زینەت” و “خاوەر” بریندار بوون و بە ئامبووڵانس گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانیەکانی ڕوانسەر.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، چوار هاووڵاتی ناڕازی دانیشتووی ئەم گوندە بە ناوەکانی حەیدەر قەنبەری، ئەمین محەمەدی، عەبدووڵڵا قەنبەری و محەمەد محەمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێ نادیار گوازراونەتەوە.

هەروەها دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی حەبیب قەنبەری و ناسێح ساڵحی لە ٤٠ ڕۆژ پێشەوە و بە هۆی ئەوەیکە بە نیسبەت کارکردن لەم کانزایە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە دەستبەسەر و تا ئێستا لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگیراون.

یەکێک لەم هاووڵاتیانە لەمبارە بە هەنگاوی ڕاگەیاند:” موسلم ئەڵماسی، داواکاری گشتی لەگەڵ خاوەنی کانزاکە هاوکاری دەکات و ئەو کەسانە بە فەرمانی داواکاری گشتی دەستبەسەرکراون”.

ئەم هاووڵاتییە لە درێژەدا ڕایگەیاند:”خاوەنی کانزاکان خەڵکی هەمەدانن و بە شێوەی نایاسایی لەم زەوییانەدا سەرقاڵی کارن و ئەو کرێکارانەیش لەوێ کار دەکەن خەڵکی ناوچەکە نین و ئەم بابەتەیش زیاتر خەڵکی تووڕە کردووە”.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە