۴۹۰۰ ڕۆژ بەندکران بەبێ مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لە سەر کەماڵ شەریفی

هەنگاو: کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی کورد ئێستا نزیکەی پێنج هەزار ڕۆژە کە بە بێ مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخان

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢٠:٢٠

 

هەنگاو: کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی کورد ئێستا نزیکەی پێنج هەزار ڕۆژە کە بە بێ مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانە ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا دوو جار جەڵتە لێی داوە و تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز کە سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای چواردەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەیەتی، لە دۆخی دەروونی نالەبار ڕاگیراوە و سەرباری ئەوەی تووشی چەندین نەخۆشی بووە لە نێو ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و یان بازرگانی کردن بە مادده هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون، لە بەندیخانەی میناب سەر بە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران ڕاگیراوە.

کەماڵ شەریفی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٠٨ (٢٥ی مەی ٢٠٠٨) لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بە فەرمانی داواکاری گشتی سەقز هەر ئەو ڕۆژە لەکاتێکدا چاو، دەست و لاقیان بەستبوو بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە.

بەگوێرەی نامەیەکی کەماڵ شەریفی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، تێیدا هاتووە کە: “ لەو شەش مانگەدا بە سەختترین شێوە ئەشکەنجە کراوم و تەنانەت یەک کەسم نەبینیوە و ئەوانەش لێپرسینەوەیان لێم کردووە بە چاو بەسراوی ئەو کارەیان کردووە و دەیان جار بە باتۆم و  شۆکەری کارەبایی لێیان داوم و هێندێک جار بۆ ماوەی حەوتوویەک بە دەستبەند و پێبەند لە نێو ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوم.”

ناوبراو هەروەها بە هۆی نەبوونی جووڵە و ٦ مانگ ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، جومگەکانی ئازاریان پێگەیشتووە و پاش ١٤ ساڵ هێشتا بەشی ئەژنۆ و سمتی ئێش و ئازاری ئەو ئەشکەنجانەیان هەر ماوە.

ئەم بەندکراوە سیاسیە دوای ٦ مانگ ئەشکەنجە دواجار ناچار دەبێت کە لەپێش کامێرا دان بەو شتانەی بنێت کە ناوەندە ئەمنییەکان داوایان کردووە و دواتر دەیگوێزنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز و ڕۆژی دواتری لە دادگایەکی پێنج خولەکیدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر “شایق” بە تۆمەتی موحاریبە لەڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی میناب و هەروەها بێبەش بوون لە هەموو مافەکانی بەندکراوێک وەکوو، مرەخەسی، کار وچاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی بە سەردا سەپا.

کەماڵ شەریفی لە سەر شێوازی دادگایی کردنی خۆی دەنووسێت: “ئەم دادگایە کەمتر لە ٥ خولەکی خایاند و تەنانەت کاتێک من سڵاوی ئەحمەد سەعید شێخی پارێزەرەکەی خۆم کرد، بە هۆی هوشداری دادوەرەکەوە، پارێزەرەکەم نەیتوانی وڵامی سڵاوەکەشم بداتەوە”.

دوای ئەوەی کە سزای بەندکران و دوورخرانەوەی کەماڵ شەریفی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە، ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٠٩ (١٢ی مەی ٢٠٠٩) بۆ بەندیخانەی میناب دوورخرایەوە و لەو ماوەیەدا و بە هۆی گوشارە بەردەوامەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

بە وتەی کەماڵ شەریفی لە هەموو ئەو ساڵانەدا تەنیا یەکجار دایکی و برایەکی ١٠ ساڵ پێش بینیوە و ئەویش کاتێک مانی لەخواردن گرتبوو. شەریفی دەڵێ لە ٤٨مین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنم لە ژووری بەرپرسی بەندیخانە کە چەند فەرمانبەری دیکەی بەندیخانەش هەبوون، بۆ ماوەی چەند خولەک دایکم و براکەم بینیوە. ناوبراو دەڵێ لەو چەند خولەکەدا تەنانەت ئیزنم نەبووە بە زمانی کوردی لەگەڵ دایکم قسە بکەم کە ئەو زمانەی فێرم کردووە و ناچار بووم بە فارسی لەگەڵی بدوێم و ئەویش نەیدەتوانی بە فارسی قسە بکات. جێگای ئاماژەیە کە ئەم چاوپێکەوتنە کورتە بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات و بە مەبەستی ڕازی کردنی کەماڵ شەریفی و کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی جێبەجێ کراوە.

کەماڵ شەڕیفی لە کاتی مانگرتنی درێژماوەی خۆی لە خواردن کە ساڵی ٢٧١١ (٢٠١١) هەیبووە، لای ڕاستی جەستەی لەکار کەوتووە. ناوبراو لە نامەکەیدا نووسیویە: “ دوای ئەوەی کە تووشی جەڵتەی مێشک بووم لای ڕاستی جەستەم بە گشتی لەکار کەوتبوو و تەنانەت شەوانە کە دەنووستم برژانگی ڕاستم بە چەسپ (لەزگە) دەبەست.

ئەم بەندکراوە سیاسیە ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (١ی مارسی ٢٠٢١) لە بەندیخانەی میناب تووشی جەلتەی دڵ بوو و دوای ١٠ ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بەندەرعەباس نەشتەرگەری بۆ کرا.

بە وتەی کەماڵ شەریفی، هێزە ئەمنییەکان تەنانەت ئیزنیان نەداوە بنەماڵەی هاوبەندییەکانی لە نەخۆشخانەی سەردانی بکەن و کەشی نەخۆشخانە بە جۆرێک ئەمنی بووە کە بەرپرسی نەخۆشخانەکە تووڕە بووە و وتوویە ئێرە پادگانی سەربازییە یان نەخۆشخانە؟.

ئەو هاووڵاتییە دەیەی ٨٠ی زایینیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی دێمۆکرات لەلایەن دادگای شۆرشی سەقزەوە سزای دوو ساڵ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەردا سەپابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە