ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادی بێ مەرج و دەستبەجێی زارا محەمەدی دەکا

هەنگاو: رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای ئازادی بێ مەرجی زارا محەممەدی، چالاکی مەدەنی کورد دەکات.

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٠٩:٥٣

 

هەنگاو: رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای ئازادی بێ مەرجی زارا محەممەدی، چالاکی مەدەنی کورد دەکات.

ئەو ڕێکخراوە لە نامەیەک رووبە محەمەد جەباری، داواکاری گشتی پارێزگای کوردستان (سنە) نووسیویە: “ زارا چالاکی مەدەنی کورد، کە چالاکیە مەدەنیەکانی بۆ بردنەسەرەوەی وشیاری نەتەوەی کوردە و بە تایبەتی لەسەر زمانی کوردی کاری کردووە، بەڵام تۆمەتی هاوکاری گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی خراوەتە پاڵ”.

لەو نامەیەدا هاتووە: “ زارا محەمەدی لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی مەی (٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کراوە و تا کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی سنە، لە شوێنێکی نادیار ڕاگیراوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە: “ زارا محەمەدی لە ڕۆژی ١٨ی سپتامبر، بە بێ هیچ ئاگادارییەکی بنەماڵە و پارێزەکەی براوەتە دادگا کە دواتر بەڕێوەنەچوو”.

ئەو ڕێکخراوە باسی خراپی بارودۆخی جەستەیی زارا دەکا و ڕایگەیاندووە زارا لە بارودۆخێکی نالەباردایە و دەبێ دەسبەجێ ئازاد بکرێت.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە بە نسبەت ئەشکەنجەی زارا و بەندکراوانی دیکەی ژن هۆشادری داوە و داوای کردووە ئیزن بدرێت زارا و بنەماڵەکەی چاویان بە یەک بکەوێت.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ ( ٢٣ی مەی ٢٠١٩) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا هێشتا دەستبەسەرە و ئازاد نەکراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە