ڕێکخراوێکی خێرخوازی ئێران هەواڵەکەی هەنگاوی لەسەر کچە تەمەن ١١ ساڵەکەی ئیلام پشتڕاست کردەوە

هەنگاو: دوای چەند ڕۆژ لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی بەشوودانی زۆرەملی کچێکی تەمەن ١١ ساڵی ئیلامی لە بری ١٥ میلیۆن قەرزی باوکی بە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، ڕێکخر

٢٠ ڕێبەندان ٢٧١٨، ١٣:٣٨

 

هەنگاو: دوای چەند ڕۆژ لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی بەشوودانی زۆرەملی کچێکی تەمەن ١١ ساڵی ئیلامی لە بری ١٥ میلیۆن قەرزی باوکی بە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، ڕێکخراوێکی خێرخوازی لە نێوخۆی ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕێکخراوی خێرخوازی ”ئیمام عەلی“ بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە ئێکاونتی فەرمی خۆی ڕایگەاندووە کە ” ڕەها تەمەن ١١ ساڵ و خەڵکی ئیلام لە جیاتی قەرزی باوکی (١٥ میلیۆن تمەن) ناچار بووە کە میرد بە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بکات“.

لە بەشێکی دیکەی ئەو تویتە هاتووە کە ”هاوژینی تەمەن ٥٠ ساڵی ڕەها ژنێکی دیکەی هەیە و باوکی ٧ منداڵیشیە، ڕەها زیاتر بە نەوەی ئەو پیاوە دەچێت هەتا هاوژینی!“.

ئەو ڕێکخراوە لە تویتێکی دیکەدا کە لە زاری ژنی یەکەمی ”سەفدەر عەلی ڕەزایی“ بڵاویان کردووەتەوە نووسیویانە: ”ڕەها هەر شەو ناچارە لەگەڵ ئەو پیاوە کە ٣٩ ساڵ لە خۆی گەورەترە سێکس بکات“.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ڕەها هەر ڕۆژ لەلایەن ژنی یەکەمی ئەو پیاوە ٥٠ ساڵەوە لێی دەدرێت.

هەنگاو چەند ڕۆژ پێش وەکوو یەکەمین سەرچاوە ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەر هۆکاری تایبەت ناوی ڕاستەقینەی ڕەهای بەکار نەهێنا و لەجیاتی ناوی ڕاستەقینەی ناوبراو، لە ناوی خوازراوی ”زارا“ کەڵکی وەرگرت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە