ڕێگری بەرپرسی بەندیخانەی نەغەدە لە ئەنجامی نەشتەرگەی بۆ محەمەد مورادی

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە ماوەی چوار ساڵ لەومەوبەر تا ئێستا بە بێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە بەندکراوە، تووشی نەخۆش

١٦ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٦:١٩

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە ماوەی چوار ساڵ لەومەوبەر تا ئێستا بە بێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە بەندکراوە، تووشی نەخۆشی فتق بووە و پێویستی بە پێراگەیشتنی بەپەلەی پزیشکی هەیە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد مورادی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار کە ماوەی ٤ ساڵە بە بێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە بەندیخانە شاری نەغەدە راگیراوە، تووشی نەخۆشی فتق بووە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی بەپەلەی دەرمانی هەیە، بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگری لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی نەغەدەوە، سەرباری ئەوەی کە بهێدراری بەندیخانە داوای نەشتەرگەری بۆ محەمەد مورادی کردووە، بەڵام بە ەفرمانی حەبیب محەمەدی بەرپرسی بەندیخانە ئیزن نادرێت کە ناوبراو بچێتە دەرەوەی بەندیخانە و نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت.

محەمەد مورادی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بە تۆمەتی “بەغی” لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە ڕؤژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٢ی مەی ٢٠٢١) دوای بانگ کرانی ناوبراو بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

محەمەد مرادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، مانگی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەو حیزبە جیا بووەتەوە  و چووەتەوە ئێران و ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ (٦ی سێپتامبری ٢٠١٧) لە سنووری کێلێی سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەمەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی ”عەلی ئاتەش بەرگ“ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەمەد لەکاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

ئەم سزایە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣٤ی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای مەهاباد کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە