ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رێزگرتن لە ژینگەپارێزانی گیانبەختکردوو لە گوندی نێ و دەستبەسەرکرانی لاوێکی ئەو گوندە

هەنگاو: هێزەکانی سوپای پاسداران رێگەیان نەدا لە گوندی "نێ"ی ناوچەی مەریوان، رێوڕەسمی رێزگرتن لە گیانبەختکردنی سێ ژینگەپارێزی ناوچ

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٢٢:٣٠


هەنگاو: هێزەکانی سوپای پاسداران رێگەیان نەدا لە گوندی "نێ"ی ناوچەی مەریوان، رێوڕەسمی رێزگرتن لە گیانبەختکردنی سێ ژینگەپارێزی ناوچەی پاوە، بەڕێوە بچێ و لاوێکی ئەو گوندەشیان دەستبەسەر کرد.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیار بوو کە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٠( ١ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لە سێ چالاکی ژینگەپارێز کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کوێستانی بۆزین و مەرەخێڵی ناوچەی پاوە گیانیان لە دەست دابوو،لە گوندی نێ بەڕێوە بچێ کە هێزەکانی سوپای پاسداران رژانە ناو ئەو گوندە و رێگەیان نەدا ئەو رێوڕەسمە بەڕێوە بچێ.


یەکێک لە دانیشتووانی گوندی نێ لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند، چەند کاتژمێر پێش کاتی دیاریکراو بۆ ئەو رێوڕەسمە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گوندەکەیان بە تەواوی گەمارۆ دا و چەند ئۆتۆمبێل لە هێزەکانیشیان ڕژاونەتە ناو گوندەکە.


سەرچاوەکە هەروەها وتیشی کە هێزەکانی سوپا لاوێکی ئەو گوندەیان بە ناوی " کاوان کەسرایی" تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون بەڕی کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە