ڕەسووڵ عەزیزیان بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مرەخەسی پێدرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لەگوندەکانی سنە کە مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ نێردراوەتە مرەخەسی و پاشان دەبێ بە مەبەستی

٢٣ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٦:٠٢

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لەگوندەکانی سنە کە مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ نێردراوەتە مرەخەسی و پاشان دەبێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج مانگ بەندکران کە ٤ ساڵ پێش بە سەریدا سەپابوو، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بناسێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، ڕەسووڵ عەزیزیان هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی گوندی مێراوی سنە، دوای ٣٧ ڕۆژ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مافی مرەخەسی پێدراوە و دوای ئەوە دەبێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بناسێنێت.

ڕەسووڵ عەزیزیان هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی گوندی مێراو بە ناوی بێهرووز عەزیزی تەمەن ٤٠ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٧ی سێپتامبری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ عەزیزیان  لەو ماوەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە. بێهرووز عەزیزی ڕۆژی سێشەممە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەنگاو زانیویەتی کە ڕەسووڵ عەزیزیان دوای ١٠ ڕۆژ مرەخەسی دەبێ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بناسێنێت.

ڕەسووڵ عەزیزیان ساڵی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەلایەن هیزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دوای مانگێک بە بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

جێگای ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردستانییان خستووەتە پاڵ هەر یەک لە بێهرووز عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزیان و دانیشتنی دادگای ئەم دوو کەسە لەم دۆسیەدا هێشتا بەڕێوە نەچووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە