ڕەشبگیری لە بانە بەردەوامە، ناسنامەی ١٠ کەس بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە دە هاووڵاتیی کود لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هێشتا شەوانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٩:٢٠


هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە دە هاووڵاتیی کود لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هێشتا شەوانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتیان و ماڵەکانیان دەپشکنن.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی حەفتەی ڕابردوو زیاتر لە دە هاووڵاتیی خەڵکی بانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ١٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.


ناسنامەی ئەو دەکەسی کە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بە شێوەی خوارەوەیە؛
١_ ساڵح کەریمی ٢_ کەریم کەریمی ٣_ بارزانی کەریمی ٤_ خەلیل کەریمی ٥_ یوسف ئەحمەدی ٦_ ئیدریس کەریم ازادە ٧_ جەلال فاتمی ٨_ هادی ئەحمەدپوور ٩_ بێوستوون ئەحمەدپوور ١٠_ فەرهاد ئەحمەدپوور


لە نێوان ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون یوسف ئەحمەدی دوای ئەوەی بریندار کراوە دەستبەسەر کراوە و ساڵح کەریمی کە باوکی سێ کەس لە گیراوەکانیش بووە، بە هۆی پیری ئازاد کراوە.


هەنگاو زانیویەتی کە، هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی شەوی ڕابردوو لە گوندی بولحەسەنی بانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چوار کەسی دیکە، بەڵام نەیانتوانیوە کەس دەستبەسەر بکەن.


سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵی دوو کەس لەو چوارکەسەیان شکاندووە و پاشان ماڵەکانیان پشکنیوە.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەیانیەیەکی ڕوو بە چالاکانی مەدەنی، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکان بڵاو کردەوە و بە نیسبەت سەرکوتی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هوشداری دابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە