ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری شنۆ گەیشتە شەش کەس

هەنگاو: دوای دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیەکی دیکە لە شاری شنۆ، ژماری دەستبەسەرکراوانی ئەو شارە گەیشتە شەش کەس.

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٠:٢٤

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: دوای دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیەکی دیکە لە شاری شنۆ، ژماری دەستبەسەرکراوانی ئەو شارە گەیشتە شەش کەس.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخروای مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٨ی ژانویە ٢٠٢١) هێزە ئەمنییەکانی حکوومەی ئێران لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکیان بە ناوی “جبرەئیل شەعبانی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هاوکات هێزە ئەمنیەکان، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژینکۆ”یان بە ناوی جەماڵ قاسمی دەستبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە و ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانویە) چوار هاووڵاتی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی شۆرش بەرهەم، جەماڵ نەهالی، سەید لوقمان تاهیری و غەفوور ئەسپەندار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هۆکار یا هۆکارەکانی دەستبەسەربوونی ئەو شەش کەسە و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان نەزانراوە و هیچ زانیاریەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانیان نیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە