ژنێک و پیاوێکی مەهابادی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

هەنگاو: ژنێک و کوڕێکی خەڵکی مەهاباد خۆیان هەڵواسی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و لەماوەی ٢٠ ڕۆژدا ٤ کەس لە مەهاباد خۆیان کوشتووە.

٢٤ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٤:٢٩

 

هەنگاو: ژنێک و کوڕێکی خەڵکی مەهاباد خۆیان هەڵواسی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و لەماوەی ٢٠ ڕۆژدا ٤ کەس لە مەهاباد خۆیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ڕۆژی چوارشەممە (٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ / ١١ ئاوریلی ٢٠١٨)، ژنێکی خەڵکی مەهاباد لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری هەنگاو لە مەهاباد، ناسنامەی ئەم ژنە کوردەی “پەری ترکە” کچی ڕەحمان ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو ڕایگەیاند، پەری دوای مردنی منداڵی یەکەمی پاش لەدایکبوون و جیابوونەوە لە مێردەکەی، لە ساڵێک پێش ئێستاوە لە ماڵی باوکی بووە.

ئەم ژنە کوردە کە تووشی نەخۆشیی دەروونی ببوو، لە گەڕەکی باخی سیسەی لە ماڵی باوکیدا، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها ڕێکەوتی (١٧ی خاکەلێوە / ٦ی ئاوریل)، لاوێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ئومید ئومیدپەروەر ناسراو بە فەرهاد و کوڕی ئیبراهیم، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی کوشتووە.

ئەم لاوە کوردە، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٢ ژن و ٢ پیاو لە مەهاباد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە