کاسبکارێکی سەقزی بە هۆی ڕاوەدوونرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لە دەست دا

هەنگاو: کاسبکارێکی خەڵکی شاری سەقز سەر بە پارێزگای سنە لەکاتی ڕاوەدوونرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تووشی ڕوود

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٧:١٠

 

هەنگاو: کاسبکارێکی خەڵکی شاری سەقز سەر بە پارێزگای سنە لەکاتی ڕاوەدوونرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو و لەئاکامدا گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٩ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە جاددەی سەقز بۆ دیواندەرە بە گومانی گواستنەوەی کەلووپەلی قاچاق شوێن ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کەوتوون و تەقەیان لێکردووە و لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلەکە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و شۆفیرەکەی گیانی لە دەست داوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە سەقز ناسنامەی شۆفیری ئەو ئۆتۆمبێلەی یەحیا (سامان) جەوشەنی ڕاگەیاندووە و باسی لەوەش کردووە کە ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە هیچ بارێکی پێ نەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە کوردە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە، شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێهێشتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە