کرماشان/ دوو کەس بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی ٢٠١٩ سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی پاییزی ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) ی کرماشان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیس

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٢٣:٣٣

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی پاییزی ساڵی ٢٧١٩ (٢٠١٩) ی کرماشان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١٣ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی جەلال نامداری خەڵکی کرماشان و سەعید خالیدی خەڵکی پاوە بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (نۆڤەمبری ٢٠١٩) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە دادگایی کراون و سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ئەو حوکمە، جەلال نامداری بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لەڕێگای هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران سزای ٥ ساڵ و بە تۆمەتی “کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامی تاوان: لە ڕێگای بەشداری و هاندانی خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان زۆرترین سزا واتە پێنج ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها، سەعید خالیدی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لەڕێگای هاوکاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت سزای ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕووپاگەندە دژی حکوومەت” سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە سزای ٤ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

جەلال نامداری ڕؤژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٣٠ی دێسامبری ٢٠٢٠) و سەعید خالیدی خەڵکی گوندی ساتیاری پاوە سەرەتای مانگی ژانویەی ٢٠٢١ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای کرماشان دەستبەسەر کراون.

سەعید خالیدی ئێستا بە بارمتە ئازاد کراوە و جەلال نامداریش لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگیراوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ١٦ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری کوردستان سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە