کرماشان/ فەرمانبەرانی شارەوانی ژنێکی بەساڵاچوویان کوشت + فیلم

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی کرماشان کە لەلایەن فەرمانبەرانی شارەوانی ئەو شارەوە لەکاتی ڕووخانی خانووەکەی درابوویە بەر لێدان و

٥ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٠:٢٠


هەنگاو: ژنێکی خەڵکی کرماشان کە لەلایەن فەرمانبەرانی شارەوانی ئەو شارەوە لەکاتی ڕووخانی خانووەکەی درابوویە بەر لێدان و کوتان، بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، فەرمانبەرانی شارەوانی ناوچەی ٣ی کرماشان بە مەبەستی ڕووخاندنی خانوویەک کە مۆڵەتی یاسایی نەبووە چوونەتە گەڕەکەی فەدەکی ئەو شارە، کە لەگەل بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بەرەو ڕوو بوون و ئەمانیش دایکی ئەو بنەماڵەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و ئێسپری بیباریان بە سەر و چاویدا پڕژاندووە کە ئەمەش بووەتە هۆی گیان لە دەست دانی.


سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە ناسنامەی ئەو ژنەی کە کوژراوە “ئاسیە پەناهی” تەمەن ٥٨ ساڵ ڕاگەیاندووە کە دایکی ٧ منداڵ بووە و کاتژمێر ١١ی هەمان ڕۆژ واتە یەک کاتژمێر دوای ئەوەی کە لەلایەن فەرمانبەرانی شارەوانی دراوەتە بەر لێدان و کوتان، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.


بە وتەی شایەتحاڵان، فەرمانبەرانی شارەوانی لە حاڵێکدا ئەو ژنە و کچەکەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و ئێسپری بیباریان بە سەر و چاویدا پڕژاندووە، کە بەردەوام هاواری کردووە کە نەخۆشی دڵم هەیە، ئەو کارە مەکەن.


سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە، فەرمانبەرانی شارەوانی لە کاتی ڕووخاندنی ئەو خانوویە هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایان نیشان نەداوە و ئەو خێزانە خانووەکەیان لە ناو زەوی خۆیان ساز کردووە.


تەرمی ئاسیە پەناهی لە زێدی خۆی واتە گوندی سەراوی سەرفیروزئاوای کرماشان ئەسپەردەی خاک کراوە و پزیشکی دادوەری هەتا ئێستا هۆکاری گیان لە دەست دانی ناوبراوی ڕانەگەیاندووە.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە