کرماشان/ لاوێک بە هۆی نەدانی بەرتیل لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژرا

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی کرماشان لە پێش چاوی دایکی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە درایە بەر دەستڕێژ و کوژرا.

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢١:٢١

 

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی کرماشان لە پێش چاوی دایکی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە درایە بەر دەستڕێژ و کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٢ (، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی کرماشان بە ناوی محەممەد ئەحمەدی مەتین لە پێش چاوی دایکی و بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیری لە کەڵانتەری ئاریا شاری کرماشان کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی مەتین لەو بارەوە بە هەنگاوی وت: «ڕۆژی هەینی محەممەد لەگەڵ دایکی کاتێک لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی خزمێکیان گەڕاونەتەوە لە گۆڕەپانی «شوهەدا» لە ئاکامی گێرە شوێنی هێزەکانی کەڵانتەری ئاریا شار و داوای بەرتیل لە ناوبراو، بووەتە دەمەقاڵێیان».

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: «ئۆتۆمبێلی کەڵانتەری دوای ئەو دەمەقاڵێیە شوێن ئۆتۆمبێلی محەممەد کەوتووە و لە شارەکی سەجادیە دوای ئەوەی محەممەد حازر نەبووە بەرتیل بدات، ئەو هێزانە محەممەدیان لە پێش چاوی دایکی داوەتە بەر دەستڕێژ و دوو گوللە بەر سەر و سینگی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.»

تەرمی محەممەد ئەحمەدی مەتین دوای ئەوەی کە ڕادەستی پزیشکی داد کرابوو، دواجار ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندان ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی باخی فیردۆس لە کرماشان ئەسپەردە کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەو سەربازەی کە تەقەی لە محەممەد کردووە هەڵاتووە و ئەو ئەفسەرەش کە لەگەڵی بووە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە